کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کانادا/ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک بۆ مەحکوومکردنی سزای لە سێدارەدان

18:43 - 2 رێبەندان 2723

ڕۆژی شەممە، ٣٠ی بەفرانبار، خۆپیشاندانێک لە شاری ڤەنکۆڤێر بۆ مەحکوومکردنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران بەڕێوە چوو.

کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژاوای کانادا، و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب، لەگەڵ ئێرانییانی دانیشتووی ئەم شارە بەشدارییان لەم خۆپیشاندانەدا کرد.

بەشداربووان بە مەبەستی مەحکوومکردنی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و هەروەها مەحکوومکردنی سزای لەسێدارەدرانی داسەپاو بەسەر چەندین بەندكراو و بەتایبەت بەندکراوانی سیاسی كورد گرد ببوونەوە.

بەشداربووانی ئەم خۆپیشاندانە دژی ڕێژیمی تێروریستیی كۆماری ئیسلامیی ئێران بەتایبەتی حوکمی نامرۆڤانەی لەسێدارەدان دروشمیان دا و بە هەڵگرتنی وێنەی ئەو كەسانە كە لە ئێران حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە داوایان لە حكوومەتی كانادا و ڕێكخراوە نێۆدەوڵەتییەكان کرد كە لەمەڕ ئەو ڕەشەکوژییەی ڕێژیم بێدەنگ نەبن و بە هەر شێوەیەک دەبێ پێشی ئەم جنایەتانەی ڕێژێمی ئێران بگرن و ئەو ڕێژیمە شەرمەزار بكەن.

خۆپیشاندەران سەرنجی خەڵكی سەر شەقامەکانی ڤەنکۆڤێریان بۆ لای خۆیان ڕاكێشا و بەشێک لە خەڵکەکە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکەدا کرد و بە  دووپاتکردنەوەی دروشمەکان و بە گرتنی وێنە و ڤیدیۆ، پشتیوانیی خۆیان لە خۆپیشاندەران نیشان دا.