کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی ٢ی ڕێبەندان لە وڵاتی بریتانیا بەرز ڕاگیرا

18:51 - 2 رێبەندان 2723

ڕۆژی شەممە، ٣٠ی بەفرانبار، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرجاو لە ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکرات و هەروەها نوێنەری چەند حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی کوردستان، لەلایەن کۆمیتەی بریتانیای حیزبەوە لە شاری بێرمێنگهام، بە مەبەستی بەرزراگرتنی یادی ٢ی رێبەندان بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

دواتر بەڕێز کاوە مودەڕسی، بەرپرسی کۆمیتەی بریتانیای حیزبی دێموکرات بەبۆنەی یادی دامەزرانی کۆماری کوردستانەوە، وتارێکی پێشکەش کرد.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا ڕەحیم دەستیار ئەندامی حیزب لە بریتانیا بابەتێکی لەژێر ناوی کۆماری کوردستان و شۆڕشی ژینا پێشکەش کرد.

دواتر پەیام و برووسکەی پیرۆزبایی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان لەلایەن بەڕێز وەلی ڕۆستەمی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەوە خوێندرایەوە. هاوکات پەیامی کۆمەڵە - ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنێستی ئێرانیش بەم بۆنەوە لە ڕێوڕەسمەکەدا خوێندرایەوە.

حیزبی خەڵكی بەلووچستانیش بە ناردنی پەیام، پیرۆزبایی ٢ی ڕێبەندانیان کردبوو.

نێواخنی ڕێوڕەسمەکە بە شێعر، پەخشان، سروود و گۆرانیی شۆڕشگێڕی ڕازابوویەوە و  هەر یەک لە بەڕێزان مینا سوارە و کەماڵ حەسەنپوورەوە شیعر و پەخشان خوێنرایەوە.

کۆتایی ڕێوڕەسمی یادی دامەزرانی کۆماری کوردستان، بە هەڵپەڕکی و شایی بەشداربووان کۆتایی پێهات.