کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ٢ی ڕێبەندان لە ڕۆژاوای کانادا

19:15 - 2 رێبەندان 2723

ڕۆژی هەینی، ٢٩ی بەفرانبار (١٩ی ژانویەی ٢٠٢٤)، ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە ڕۆژاوای کانادا بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە بەشداریی بەرچاوی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، نوێنەرایەتیی حیزب، ڕێکخراوە کوردستانی، ئێرانی و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و هەروەها کوردستانییانی نیشتەجێ لە وڵاتی کانادا، بەڕێوە چوو.

ڕێوڕيسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدانی گەل و نیشتمان بەتایبەتی سەرقافڵەی شەهیدان و دامەزرێنەری کۆماری کوردستان پێشەوا قازی محەممەد دەستی پێ کرد.

پەیامی کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژاوای کانادا لەلایەن بەرپرسی کۆمیتە، بەڕێز کەیۆمەرس بەیگییەوە خوێندرایەوە.

ناوبراو لەم پەیامەدا ئاماژەی بە گرینگیی ٢ی ڕێبەندان لە مێژووی هاوچەرخی کورددا، کرد و هاوکات جەختی لەسەر شوێندانەریی ئەو ڕووداوە گرینگە لەسەر ڕەوتی کاری ڕێکخراوەیی کورد لە چواربەشی کوردستاندا کردەوە.

بەیگی لە درێژەدا باسی لە تێکۆشانی حیزبی دێموکرات وەک درێژەدەری ڕێبازی کۆمار و پێشەوا قازی محەممەد کرد کە توانیوەتی ماندوونەناسانە درێژە بە خەباتی خۆی بدا.

لە بەشێکی دیکە لە ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی حیزب بە زمانی ئینگلیسی لەلایەن فائیزە نەوزادەوە پێشکەشی ئامادەبووان کرا .

چەند حێزبێکی کوردستانی لەوانە: کۆمەڵەی شوڕشگیری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی یەکسانی و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پەیامی پیرۆزباییان بۆ کۆمیتەی حیزب ناردبوو کە لەلایەن سیاوەش حیسامی و حکمەت قولیزادە پێشکەشکارانی رێوڕەسەمەکەوە خوێندرانەوە.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا، دڵنیا ڕەزازی و شەهریار حەسەن بە بەشداریی مووزیسیەن ئالان، چەند بەرهەمێکی هونەرییان پێشکەشی کوردستانییانی شاری ڤەنکۆڤێر کرد.

ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان کۆتایی هات.