کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانێک دژی هێرشەکانی ڕێژیم لە کۆپێنھاگ

19:39 - 2 رێبەندان 2723

ڕۆژی شەممە، ٣٠ی بەفرانبار (٢٠ی ژانویەی٢٠٢٤)، خۆپیشاندانێک لە بەردەم باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی لە "کۆپێنھاگ"ی پێتەختی وڵاتی دانمارک لەلایەن فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی ئەم وڵاتە و بە مەبەستی مەحکوومکردنی ھێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی ئەم دواییانەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ھەولێری پێتەختی ھەرێمی کوردستان ڕێک خرا.

ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و هەروەها نوێنەرایەتیی ھێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان و ژمارەیەکی زۆر لە تاراوگەنشینانی دانمارک بەشداری ئەم خۆپیشاندانە بوون.

خۆپیشاندەران لە وێستگەیەکی شەمەندەفەرەوە بەرەو باڵوێزخانەی رێژیم وەڕێ کەوتن.

بەڕێز ئەحمەد ڕەحمانی، بەڕێوەبەری خۆپیشاندانەکە لە سەرەتادا مەبەست لە بەڕێوەبردنی ئەم خۆپیشاندانەی بۆ ئامادەبووان شی کردەوە.

خۆپیشاندانەکە نە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

پەیامی فێداسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لەم وڵاتە بە زمانی کوردی لەلایەن بەڕیز ئیمام و بە زمانی دانمارکی لەلایەن یەڵمازەوە خوێندرایەوە.

خۆپیشاندەران بە زمانەکانی کوردی و دانمارکی دژی رێژیم دروشمیان دا.