کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نۆروێژ/ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ٢ی ڕێبەندان

22:40 - 2 رێبەندان 2723

ڕۆژی هەینی ٢٩ی بەفرانبار، بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، نوێنەری حیزب و ڕێکخراوە کوردستانی، ئێرانی و نۆروێژییەکان لە شاری ئۆسلۆ، یادی ٧٨ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان کرایەوە.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

بەڕێز خوسرەو قادری ئەندامی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی گشتی، پەیامی کۆمیتەی پێشکەش کرد.

ناوبراو لە پەیامەکەدا وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، ئاوڕێکی لە مێژوو و هۆکارەکانی دامەزرانی کۆماری کوردستان و دەستکەوتەکانی لە ماوەی  ١١ مانگ بەڕێوەبەری وەک یەکەم حکوومەتی کوردی دایەوە.

دواتر بەرێز محەممەد ئەسکەندەر، پەیامی کۆمیتەی هاوکاریی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان لە نۆرێژی پێشکەش کرد.

ناوبراو لە پەیامەکەدا وێڕای مەحکوومکردنی هێرشەکانی سپای تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان بەگشتی، ئاماژەی بە گرینگیی دامەزرانی کۆماری کوردستان کرد.

کۆمیتەی نۆروێژ لەو ڕێوڕەسمەدا بە پێشکەشکردنی لەوحی ڕێزلێنان، تێکۆشان و زەحمەتەکانی چەند هاوڕێی حیزبییان بەرز نرخاند کە لە بۆنە حیزبییەکاندا لە وڵاتی نۆروێژ زۆر چالاکانە بەشداری دەکەن و ئەرکی حیزبی بەڕێوە دەبەن.

چەند حیزب و ڕێکخراوی کوردستانی، ئێرانی و نۆروێژی لەوانە: کۆمیتەی هاوکاریی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان لە نۆروێژ، یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان ، حیزبی کۆنسێرڤاتیڤی نۆروێژ، حیزبی ئێس ڤی (SV) ، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان، کۆمەڵە ڕێکخراوی دەرەوەی حیزبی کۆمونیستی کوردستانی ئێران، کۆمیتەی نۆروێژی

حیزبی خەڵکی بەلووچستان بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان پەیامیان ئاراستەی رێوڕەسمەکە کرد.

لە بەشی کۆتایی ڕێوڕەسمەکدا هونەرمەندان نەجمەدین غوڵامی و هەژار دهۆکی و شێرکۆ مەریوانی بە وتنەوەی گۆرانی و سروودی نیشتمانی ڕێورەسمەکەیان زیاتر ڕازاندەوە کە ئامادەبووانیش بە هەڵپەرکێی کوردی بە پێشوازی ئەو یادەوە چوون.