کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نۆروێژ/ بەڕێوەچوونی جێژنی ٢ی ڕێبەندان لە شاری ترۆندهایم

10:24 - 3 رێبەندان 2723

ڕۆژی شەممە، ٣٠ی بەفرانبار (٢٠ی ژانویەی ٢٠٢٤)، رێوڕسمێک بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان بە هاوکاریی کۆمەڵەی کولتووری ترۆندهایم و کۆمیتە ناوچەی ترۆندهایمی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و بە بەشداریی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، بەڕێوە چوو.

ڕێژەیەکی بەرچاو لە کوردانی هەر چوارپارچەی کوردستان لەم ڕێوڕەسمەدا بەشدار بوون.

سەرەتای جەژنەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد و دواتر ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن له گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان ڕاگەیەندرا. لەلایەن هەیئەتی بەڕێوەبەریی ڕێوڕەسمەکەوە وێرای بە خێرهاتنی ئامادەبووان، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سێ شاخەوانی کارەساتەکەی نەغەدە کرا.

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکە‌دا لەلایەن مام قادر مەعرووفی، ئەندامی دێرینی حیزبی دێموکرات لەو کۆمیتە ناوچەیدا، مۆمی ٧٨ـمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان داگیرسا.

قادر شەریفزادە بەرپرسی کۆمەڵەی کولتووری کوردی لە ترۆندەلاگ، بە کورتی ئاماژەیەکی بە مێژوی کۆماری کوردستان و دەسکەوتەکانی بۆ کورد بەگشتی کرد.  

دواتر

کۆی پلان و بەرنامەکانی کۆمەڵەی کولتوری بۆ ساڵی نوێی زایینی لەلایەن خاتوو سەرگوڵ کاویانەوە بۆ بەشداربووان باس کرا.

لە درێژەی ڕێورەسمەکەدا، بە چەپکەگوڵ ڕێز لە زەحمەت و تێکۆشانی هاوڕێیانی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی پێشوو و هەروەها سەرگوڵ کاویان گیرا، کە خۆبەخشانە بۆ ڕێکخستنەوەی کۆمەڵەی کۆڵتوری ناو ناوچەیە کاری کردووە.

لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا، کێبڕکێی بۆ ئەو منداڵانە ڕێک خرابوو کە لەگەڵ بنەماڵەکانیان بەشداری ڕێورەسمەکە بوون.

ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕكێی بەشداربووان کۆتایی پێ هات.