کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێراگەیشتن بە دۆسییەی ڕەزا ڕەسایی لە دیوانی باڵای ڕێژیم ڕەت کرایەوە

12:28 - 3 رێبەندان 2723

دیوانی باڵای ڕێژیم، داواکاریی ڕەزا ڕەسایی بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارە بە سزای دەرکراوی لەسێدارەدانی ناوبراوی ڕەت کردەوە.

ئاژانسی کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارە ڕایگەیاندووە کە لقی یەکی دیوانی باڵای ڕێژیم، داواکاریی پارێزەرەکانی ئەم بەندکراوە سیاسییەی ڕەت کردووەتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی بەفرانبار، دۆسییەی ڕەزا ڕەسایی ڕادەستی بەشی جێبەجێکاری دادگای کەیفەریی کرماشان کراوە و ناوبراو بە جیددی مەترسیی جێبەجێکرانی حوکمی سێدارەی لەسەرە.

بەهمەن ڕەیحانی، فەرماندەی سپای نەبی ئەکرەمی پارێزگای کرماشان، خوازیاری جێبەجێکردنی خێرای حوکمی لەسێدارەدرانی ڕەزا ڕەساییە.

لقی ١٧ی دیوانی باڵای ڕێژیم بە سەرۆکایەتیی دادوەر "محەممەد بارانی"، ڕۆژی ٢٥ی سەرماوەز، بە ڕەتکردنەوەی بەرگرییەکانی ڕەزا ڕەسایی و بۆچوونی پزیشکیی پزیشکی دادوەریی شاری سەحنە، حوکمی لەسێدارەدانی ناوبراوی پشتڕاست کردەوە.

رۆژی ١٢ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، خەیروڵڵا حەقجوویان، چالاکی مەدەنیی یارسان، بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک وەکوو کەفیلی ڕەزا ڕەسایی، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر شکاندنی بێدەنگی لەمەڕ دەرکرانی حوکمی لەسێدارەدران دژی ئەم زیندانییە سیاسییە، ڕەخنەی لە دەنگی بەناحەقی دادوەر، دادڕەسیی نادادپەروەرانە دژی ڕەزا ڕەسایی و دەرکرانی حوکمگەلێک کە لای ناوەندە ئەمنییەتییەکان بووەتە باو، گرتووە.

ڕەزا (غوڵامڕەزا) ڕەسایی، هاووڵاتیی تەمەن ٣٤ ساڵی یارسان، خەڵکی شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان کە لە ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە ٢١ـەمین ساڵوەگەڕی سەید خەلیل عالی‌نژاد لە ڕێبەرانی کوردی یارسان و لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی دوابەدوای قەتڵی حکوومەتیی ژینا_مەهسا ئەمینی دەسبەسەر کرابوو، بە لەسێدارەدران، دانی دیە، یەک ساڵ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کراوە.

ئەم هاووڵاتییە لەلایەن لقی ٢ی دادگای کەیفەری یەکی کرماشان بە تۆمەتەکانی "کوشتنی بەئەنقەست"ی نادر بەیرامی، بەرپرسی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شاری سەحنە، "توندوتیژیی بەئەنقەست"، "کەڵکوەرگرتن لە چەقۆ بۆ نیشاندانی هێز" و "تیکدانی ئاسایشی گشتی بە نانەوەی هەرا"، بە لەسێدارەدران، دانی دیە، یەک ساڵ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کراوە.

ڕەزا ڕەسایی لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی دادگادا هەموو تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ڕەت کردووەتەوە و چەندین جار ڕایگەیاندووە کە لە گرتنگەی ئیدارەی ئاگاییدا بە هۆی "ئەشکەنجە و هەڕەشەی دەستدرێژی" ناچار بە دانپێدانی زۆرەملێ کراوە.

ڕەزا ڕەسایی ڕۆژی ٣ی سەرماوەزی ١٤٠١، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئاگایی شەهریاری تارانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی سەحنە کراوە. ناوبراو بۆ ماوەی یەک حەفتە لە گرتنگەی ئیدارەی ئاگایی سەحنەدا بۆ قەبووڵکردنی تۆمەتی "کوشتن"ی نادر بەیرامی، لەژێر ئەشکەنجەی تونددا بووە.

ناوبراو پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، ڕەوانەی زیندانی دێزڵاوای کرماشان کراوە و سەرلەنوێ پاش ٢١ ڕۆژ، لەگەڵ ژمارەیەکی تر لە دەسبەسەرکراوانی ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی سەید خەلیل عالی‌نژاد لە زیندانی دێزڵاوای کرماشانەوە، ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئاگایی ئەم شارە کرابوو.