کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کانادا/ بەشداریی نوێنەری حیزب لە کۆبوونەوەیەکی نێوخۆیی حیزبی کۆنسێرواتیڤ

21:24 - 3 رێبەندان 2723

ڕۆژی یەکشەممە، یەکی ڕێبەندان (٢١ی ژانویەی ٢٠٢٤)، هاوڕێ سمایل ئیبراهیمی، بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بانگهێشتی فەرمی، بەشداریی لە کۆبوونەوەیەکی نێوخۆیی حیزبی کۆنسێرواتیڤی کانادا کرد.

نوێنەری حیزب وێڕای نیشاندانی پێزانین بۆ حیزبی کۆنسێرواتیڤ کە لە شۆڕشی ژینادا سیاسەتێکی دروستی دژی ڕێژیمی ئێران گرتە بەر، داوای لە بەڕێز پۆیلیەڤ کرد کە زیاتر گرینگی بە پرسی بە تێرۆریست ناسینی سپای پاسداران بدەن و کانادا پرسی سەرەڕۆیی و سنووربەزاندن و کردەوەی تێرۆریستیی ڕێژیمی ئێران دژی چالاکانی سیاسی و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی لە هەرێمی کوردستان بباتە نەتەوە یەکگرتووەکان.

بەڕێز پۆیلیەڤ، پشتیوانیی خۆی و حیزبەکەی بۆ شۆڕشی ژینا و داخوازییە دێموکراتیکەکانی گەلانی ئێران دووبارە کردەوە و بەڵێنی دا کە ویستی بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران تەنیا دروشمی هەڵبژاردن نییە و بە کردەوە هەنگاوی بۆ هەڵدێنین. ناوبراو وێڕای هاودەردی لەگەڵ ئازارەکانی گەلی کورد و خەباتی ئەو گەلە بۆ ڕزگاری، بەڵێنی دا حیزبی کۆنسێرواتیڤ زیاتر لە پێشوو لە هەوڵدا بێت.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا، نوێنەری حیزب چاوی بە بەڕێزان تاکۆ ڤان پۆپتا، ترەیسی گرێی و براد ڤیس ، ئەندامی پارلەمانی کانادا و ژمارەیەک لە بەربژێر و کادرەکانی ئەو حیزبە کەوت و لەسەر کۆمەلەی کوردی لە کانادا و هەرێمی بریتیش کۆلۆمبیا ئاڵوگۆڕی بیروڕای کرا.