کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوکمی لەسێدارەدرانی بەندکراوێکی سیاسیی کورد لە دیوانی باڵای ڕێژیمدا پشتڕاست کرایەوە

10:09 - 5 رێبەندان 2723

لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ڕێژیم، حوکمی لەسێدارەدانی یووسف ئەحمەدی، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی بانەی پشتڕاست کردەوە.

ئاژانسی کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، پشتڕاستکرانەوەی حوکمی لەسێدارەدرانی ئەم بەندکراوە سیاسییە لە دیوانی باڵای ڕێژیم، بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

پاش سێ ساڵ و چوار مانگ دەسبەسەرکرانی کاتی، ها "یووسف ئەحمەدی" خەڵکی بانە، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی"، بە لەسێدارەدران مەحکووم کرا و سێ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی بانەش، بە ناوەکانی "محەممەد کەریمی"، "باست کەریمی" و "محەممەد فەیزی"، سەرجەم بە ٦٥ ساڵ بەندکران مەحکووم کراون.

بەپێی حوکمی دەرکراو دژی ئەم چوار هاووڵاتییە، یووسف ئەحمەدی بە تۆمەتی "بەغی" بە لەسێدارەدران، محەممەد کەریمی بە تۆمەتی "بەشداری لە بەغی" بە ٢٥ ساڵ بەندکران، باست کەریمی بە تۆمەتی "بەشداری لە بەغی" بە ٢٠ ساڵ بەندکران و محەممەد فەیزی بە تۆمەتی "بەشداری لە بەغی"، بە ٢٠ ساڵ بەندکران مەحکووم کراون.

ئاخرین کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم چوار هاووڵاتییە لە ڕۆژی ٥ی خەرمانان لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بەڕێوە چوو و حوکمی دەرکراو دژی ئەم ٤ هاووڵاتییە، لە ڕۆژی ١١ی خەرمانان دەر کرا و ڕۆژی ١٢ی خەرمانان پێیان ڕاگەیەندرا.

ئەم چوار هاووڵاتییە، سەرەتاکانی بانەمەڕی ١٣٩٩، بە دەسپێکی شەپۆلی دەسبەسەکرانی هاووڵاتییان لە بانە، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و هێزە ئەمنییەتییەکان ئەم چوار کەسەیان بە "هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، تۆمەتبار کردبوو.

ئەم چوار هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکران بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە سنە ڕاگوێزران و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە کران.