کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکێکی کرێکاریی کورد لە دەسپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەری کراوە

16:07 - 6 رێبەندان 2723

چالاکێکی کرێکاریی کورد پێویستی بە نەشتەرگەرییە و لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە، لە دەسپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەری کراوە.

عوسمان ئیسماعیلی، بەندکراوی خەڵکی سەقز، لە سەر ڕاسپاردەی پزیشکی دادوەریی ڕێژیم دەبێ بە زووترین کات نەشتەرگەریی بۆ بکرێ.

پارێزەری ئەم چالاکە کرێکارییە ڕایگەیاندووە کە ناوبراو لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەرەکەشی بێبەری کراوە و بەرپرسانی بەندیخانە ڕەوانەی بەندیخانەی تارانیان کردووە و بە بێ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی جارێکی دیکە ڕەوانەی بەندیخانەی سەقزیان کردووەتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی بەفرانبار، عوسمان ئیسماعیلی، بە هۆی نەخۆشی، لە زیندانی ئەم شارەوە بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزرا و پزیشکەکەی بە ناوبراو و بەرپرسانی بەندیخانەی ڕاگەیاند کە تووشی نەخۆشیی "فتق" بووە.

عوسمان ئیسماعیلی کێشەی هەناسە و نەخۆشیی دڵیشی هەیە.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی خەزەڵوەر، عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سەقز، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی ، ڕەوانەی بەندیخانەی ئەم شارە کرا.

ئەم چالاکە کرێکارییە، لەلایەن لقی یەکی داداگای ئینقلابی سەقزەوە بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران" بە ٣١ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندان و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگەی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی" بە ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری مەحکوم کرابوو.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١، عوسمان ئیسماعیلی بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شەقامی "شوهەدا"ی سەقز، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و پاش یەک حەفتە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سەقزەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا.