کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات: ئێعدامەکانی ئەم ماوەیە نیشانەی شکستی سیاسەتەکانی ڕێژیم و تۆڵەکردنەوەی لە خەڵکی ئێرانە

18:51 - 6 رێبەندان 2723

کۆڕ و کۆمەڵە جیهانییەکان!
ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ!

 

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و سەرەڕای بەردەوامیی گرتن، بێ‌سەروشوێن کردن، ئەشکەنجەدانی چالاکانی سیاسی، فەرهەنگی، ژینگەیی و بە گشتی کۆمەڵگەی مەدەنی لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و سەپاندنی حوکمی درێژخایەنی زیندان؛ جارێکی دیکە و لە درێژەی شەپۆلە بەردەوام و هەمیشەییەکانی ئێعدامدا حوکمی داسەپاوی سێدارە لەسەر چەندین زیندانی لە بەندیخانەکانی کوردستان و ئێران جێبەجێ کران. هەر بۆ بەرچاوڕوونیی زیاتر و بەپێی ئاماری ناوەندەکانی مافی مرۆڤ تەنیا لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ دا زیاتر لە ٨٠٠ زیندانی لە بەندیخانەکانی ئێران‌ لەسێدارە دراون کە ئەم ڕێژەیە بە نیسبەت ساڵی ڕابردوو زیاتر لە سەدا ٥٣ زیادی کردوە، هەروەها لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگی سەرەتای ساڵی زایینیدا نیزیک بە ٧٠ بەندکراوی دیکە ئێعدام کراون.
ئەگەرچی ئێعدام و مرۆکوژی بەشێک لە پێناس و سیاسەتی هەمیشەیی و نەگۆڕی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە، بەڵام پەرەسەندنی توندوتیژیی حکوومەتی و ئێعدامە سیاسییەکان لە ماوەی یەک‌ساڵی ڕابردوودا پێوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕەوتی پەرەئەستێنی ناڕەزایەتییەکان دژی حکوومەت هەیە. هەروەها بەپێی ئەزموونی مێژوویی هەرکات ڕێژیم لە سیاسەتی دەرەکی و هاوکێشە ناوچەییەکاندا تووشی شکست و بنبەست بووبێت، تۆڵەکەی لە خەڵک و کۆمەڵگە و ئازادیخوازانی نێوخۆی وڵات کردۆتەوە، وەک چۆن دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی تۆڵەی سەختی ئەوان تەنیا بەردانەوەی فڕۆکە ئۆکڕاینییەکە و کوشتنی ١٧٦ کەس خەڵکی بێتاوان بوو. لە ئێستاشدا ڕێژیم لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی نێوخۆی وڵات لەسەر پاشخانی شۆڕشی ژینا و هەروەها شکستی سیاسەتەکانی ڕێژیم لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست؛ دەزگای قەزایی و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم دەیانەوێ تۆڵەی ناکامییەکانیان لە خەڵک بەتایبەت خەڵکی ناڕازیی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بستێنێتەوە و؛ هاوکات بە چاوترسێنکردنی خەڵک، ترس و دڵەڕاوکێ و کەشێکی ئەمنییەتی و تۆقاندن بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای مەحکوومکردنی ڕەشبگیر و سەرکوتی چالاکانی سیاسی و بەردەوامیی ئێعدامەکان لە کوردستان و ئێران، داوا لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ و كۆڕ و كۆمه‌ڵه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان دەکات، بە چڕکردنەوەی گوشارە دیپڵۆماسییەکانیان دژی کۆماری ئیسلامی و دانانی بەربەستی جۆراوجۆر لە بەردەم بەردەوامیی جینایەتەکانی ئەم ڕێژیمەدا پێش بە سەرکوت و ئێعدامی خەڵکی کورد و باقی نەتەوەکانی دیکەی ئێران بگرن و چی دیکە ئیزن نەدەن مافەکانی مرۆڤ ببنە قوربانی ساتوسەودا و بەرژەوەندییەکانی وڵاتان و تێچووی ئەو سەرەڕۆییانە لەسەر ڕێژیمی ئێران زیاتر بکەن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی بەڕێوەبەری
٦/١١/١٤٠٢