کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیمای کۆمەڵگەیەکی بەهەڵوێست، ئەمجارەیان لە سەقزەوە

14:00 - 7 رێبەندان 2723

سمایل شەرەفی

 

ڕۆژی هەینی، ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی بە هەزاران کەس لە خەڵکی شاری سەقز و وەرزشوانان و زۆرێک لە خەڵکی شارەکانی دیکەی کوردستان، بە بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی وەرزشوانی جوانەمەرگی شارەکە، فەریار ئەمینی‌پوور، نیشانە و تەعبیرێکی  دیکەی ئەمڕۆییان لە هەڵوێست و ڕەفتاری کۆمەڵگەی کوردستان تۆمار کرد. هەڵوێست و ڕەفتارێکی جەماوەریی وەک ئەوەی لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی ژینا ئەمنی‌دا شۆڕشێکی گەورەی سەرانسەریی لە ئێران و کوردستان‌دا لێکەوتەوە. گۆڕستانی ئایچی بۆ جارێکی دیکە بوویەوە بە مەکۆ و گۆڕەپانی کۆبوونەوەی هەزاران کەس لە خەڵکی شاری سەقز و شارەکانی دیکەی کوردستان کە بە درووشم و ڕەفتارەکانیان، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی هەر لەم گۆڕستانە لە ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوییان بیر خستینەوە.

خەڵک بە ڕێزگرتن لە ڕۆڵەیەکی وەرزشوانی گەلەکەیان کە وێڕای بەدەستهێنانی چەندین خەڵاتی پاڵەوانی بۆ خۆی، یانەکەی، شارەکەی و گەلەکەی کە بەداخەوە لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لە وڵاتی تایلەند گیانی لەدەست دابوو، لە کەرنەڤاڵێکی جەماوەری‌دا کە هەموو چین و توێژەکان تیایدا بەشدار بوون هاواریان کردەوە؛ "هەتا کوردێک بمێنێ، کوردستانیش دەمێنێ".

هەر ئەم خەڵکە کە ساڵێک و چەند مانگ پێش ئێستا، ئیستارتی مودێڕنترین شۆڕشی جەماوەریی سەرشەقامەکانی کوردستانیان لێدا و درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان کردە هەوێنی بزووتنەوەیەکی بەرینی سیاسی – کۆمەڵایەتی کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە تەواویەتی خۆی‌دا تووشی چالش و پووکانەوە کرد، دیسان و لە دەرفەتێکی دیکەدا ڕێکخراوتر لە جاران پەیامی "بەردەوامی" و "زیندووبوون"ی کۆمەڵگەی کوردستانیان بڵاوکردەوە.

دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە پێی‌وابوو بە کوشتن و کوێرکردنی هەزاران کەس لە لاوانی بەرهەڵستکاری سەر شەقامەکانی ئێران و کوردستان و دەستبەسەرکردنی دەیان‌هەزارانیان و لەسێدارەدانی چەندین کەسیان دەتوانێ ئەم ناڕەزایەتییانە سەرکوت و کپ بکات، ئێستا دەبێ دوای ناڕەزایەتیی بەردەوامی خانەنشینان و کۆبوونەوە جەماوەرییەکانی خەڵکی کوردستان بەتایبەت لە شارەکانی شنۆ، نەغەدە و سەقز، بۆی دەرکەوتبێ کە خراپ لە ئیرادەی مافخوازانەی خەڵک تێگەیشتووە.

کۆبوونەوە جەماوەری‌یەکەی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی کاکە فەریار لە سەقز، وێڕای سەرنجدان بە شێوازی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە، بەشداریی بەرچاوی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بەتایبەت بەشداریی بەرچاوی مامۆستایانی ئایینی، ژنان و کچان و وەرشوانان، نێوەڕۆکی پەیام و درووشمەکان و کەڵکوەرگرتن لە هێما و سەمبولە تایبەتەکان و گوڵبارانکردنی گۆڕی ژینای ئەمینی، سەلماندنییەوە کە کۆمەڵگەی کوردستان لە هەڵبژاردنی ڕێگا درووستەکە، لێبڕاو و جدییە.

 ڕێگای کۆمەڵگەی کودستان؛ یەکگرتوویی و بەجەماوەریکردنی خەباتێکی مافخوازانەی دوور و درێژە. لەم خەباتەدا کۆمەڵگە بە ئاستێکی بەرز لە شعووری نەتەوەیی گەیشتووە و بەکەڵک‌وەرگرتن لە ئامراز و بەستێنە ئەمڕۆییەکان و، ڕێکخستنی ڕەفتارە بڵاوەکان لە چوارچێوەی ڕەفتارێکی گشتگیری جەماوەری‌دا کە هەوێنەکەی هەستکردن بە زەروورەتی یەکێتی و یەکگرتوویی‌یە، بزووتنەوەیەکی جەماوەری لێ ساز دەبێ. بزووتنەوەیەک کە تاکەکانی کۆمەڵگە تیایدا؛ بە خۆدەربازکردن لە "کەمتەرخەمی" و "بێ‌تەفاوەتی" خۆیان لە بەرانبەر پرسە گشتییەکان‌دا بە"بەرپرسیار" دەزانن و لە بەستێنێکی بەرینی زەینیی هاوچارەنووس لەگەڵ یەکتردا، خۆیان لە مەیدانی عەینی و بەرهەست‌دا پێکەوە دەبیننەوە و ڕەفتارێکی گشتی و پێکەوەیی لەخۆ نیشان دەدن. ئەم پێکەوەیی و یەکگرتووییە کە بێ‌گومان بەرهەمی تێگەیشتنی "تاک" لە بەرژەوەندیی هاوبەش و، دەرککردن بە هێزی یەکگرتوویی بەرانبەر بە دژبەر و، تەنیا ڕێگەی دەستبەرکردنی ماف و ئازادییەکانە، هەوێنی ئەو ڕەفتارە گشتی و جەماوەرییانەیە کە کۆمەڵگەی کوردستان لەم ساڵانەدا خەریکە بە جوانی و بە وشیارییەوە تاقییان دەکاتەوە.

تەنیا لە ماوەی دوو- سێ حەوتووی ڕابردوودا بە هۆی دوو ڕووداوی ناخۆشی؛ کەوتنە ژێر ڕنووی سێ شاخەوانی کورد لە کوێستانەکانی شنۆ و گیان لەدەستدانی وەزشوانێکی دیکەی گەلەکەمان لە شاری سەقز، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەم سەرمایە وەرزشیانەی کوردستان بوونە گۆڕەپان و دەرفەتێک کە کۆمەڵگەی کوردستان خۆی نیشان بداتەوە. لەم خۆدەرخستنانەدا کە دەیانخوێنینەوە، بە تەواوەتی هەست بە کۆمەڵگەیەکی زیندوو، بەهەڵوێست و خاوەن پەیامی تایبەتی دەکرێ. خودی شێوازی دەرکەوتنەکان سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە کۆمەڵگەی کوردستان، لە ژێر کارتێکەریی بزووتنەوە گەورە و بەڕابردووە شوناسخوازەکەی کوردستان‌ و ڕێکخراوە مەدەنییەکان ‌دا، کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراو و یەکانگیرە. کۆمەڵگەیەک کە سەرەڕای کارکردنی دەیان ساڵەی دەوڵەتانی ناوەندگەرای ئێرانی بۆ لێکهەڵوەشان و لەپەراوێزخستنی، بە تێپەڕین لە جیاوازییە نەریتییەکان، وەک پێکهاتەیەکی ئۆرگانیکی ڕێکخراو خۆی بەڕێوە دەبات.

لە درووستبوونی ئەم خۆبەڕێوەبەرییەدا زەروورەتی یەكێتی و یەکگرتوویی بۆ فورمولەکردنی داخوازییەکان لە چوارچێوەی ئەو درووشم و پەیام و ڕەفتارانەی لەم ڕێوڕەسمە جەماوەرییانەدا دەبیندرێ، پاڵنەری سەرەکییە کە هەوڵدان بۆ پاراستن، پەرەپێدان و گەشەسەندنی ئەرکی  هەموو تاک و کۆیەکی کۆمەڵگەی کوردستانە.