کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هووشمەند عەلیپوور، بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا

18:03 - 7 رێبەندان 2723

ڕۆژی شەممە، ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، هووشمەند عەلیپوور، بەندکراوی سیاسیی کوردی پاش تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا.

هووشمەند عەلیپوور سەرەتا سزای لەسێدارەدرانی بەسەردا سەپابوو کە بە هەڵوەسانەوەی ئەم سزایە لە دیوانی باڵای ڕێژیم، سزاکەی بۆ  بە ٣٨ مانگ بەندکرانی تەعزیری گۆڕدرا.

هووشمەند عەلیپوور لە ماوەی تێپەڕاندنی سزاکەیدا لە مافی هەر جۆرە مورەخەسییەک بێبەری بووە.

ئەم بەندکراوە سیاسییەی خەڵکی شاری سەردەشت، ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەی بۆ وەرگرتنی مورەخەسی و دەستێوەردانی ئیتلاعاتی سنە لە دۆسییەکەی، مانی لە خواردن گرتبوو.

لقی ٤ی جێبەجێکاری سزا کەیفەرییەکانی سنە بە بیانووی دژایەتی لەگەڵ ماددەی ٥١٣ی یاسای ئایینی دادڕەسیی کەیفەری داواکاریی ناوبراوی بۆ وەرگرتنی مورەخەسی ڕەت کردبووەوە.

بەفرانباری ١٣٩٨، دادگای ئینقلابی سنە، ئەم بەندکراوە سیاسییەی بە لەسێدارەدران و محەممەد ئوستاد قادر خەڵکی سەقز کە پێکەوە دۆسییەیەکی هاوبەشیان هەبوو بە ٥ ساڵ بەندکرانی تەعزیری سزا دا.

ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی بەفرانباری ٩٨، ئەم سزایانە بە بنەماڵە و پارێزەری ئەم دوو بەندکراوە ڕاگەیەندرا.

محەممەد ئوستاد قادر، ٢ی بانەمەڕی ١٣٩٩ بەشێوەی مەرجدار لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا.

ئەم دوو بەندکراوە سیاسییە، ڕۆژی ٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٨، بە تۆمەتی "بەغی"، بە بەشداریی عەلی ساکنی، پارێزەری دۆسییەکەیان لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە دادگایی کران.

ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی ١٢ی گەلاوێژی ٩٧ بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیمی ئێران"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ١٠٨ ڕۆژ دەسبەسەرکران، ڕۆژی ٢٨ی خەزەڵوەری ٩٧ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ دابڕگەی بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ڕاگوێزرابوون. ئەم دوو بەندکراوە سیاسییە دواتر لە ڕۆژی ٥ی بەفرانباری ٩٧دا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە ڕاگوێزران.

پاش دەسبەسەرکرانی ئەم دوو بەندکراوە سیاسییە، دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران دانپێدانانی زۆرەملێی لێ بڵاو کردنەوە و بنەماڵەی ئەم دوو بەندکراوەش ڕایانگەیاند کە ئەم دانپێدانانە لەژێر ئەشکەنجە و گوشاردا وەرگیراوە.