کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەترسیی لەسێدارەدرانی ٤ بەندکراوی سیاسیی کورد لەئارادایە

11:31 - 8 رێبەندان 2723

شەوی شەممە، ٧ی ڕێبەندان، بنەماڵەی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد بە مەبەستی ئاخرین چاوپێکەوتن لەگەڵ منداڵەکانیان بانگی بەندیخانەی ئێڤین کراون و ئەمە مەترسیی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانی ئەم چوار کەسەی زۆرتر کردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا؛ لقی جێبەجێکاری سزاکانی دادگای تاران و بەرپرسانی بەندیخانەی ئێڤین شەوی شەممە، ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، پێوەندییان لەگەڵ بنەماڵەی ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە گرتووە تاکوو بۆ ئاخرین چاوپێکەوتن، ئەمڕۆ  ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، سەردانی بەندیخانەی ئێڤین بکەن.

کەمپەینی بەرگری لەم چوار بەندکراوە سیاسییە کوردەش بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێکی بەپەلە نووسیبووی: بە سەرنجدان بە نموونەکانی پێشوو و پێشینەی کۆماری ئیسلامی، ئەم مەترسییە جیددیە کە سزای لەسێدارەدانی ئەم چوار کەسە لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتوودا جێبەجێ بکرێ.

کەمپەینی بەرگری لە زیندانییانی سیاسی ئەمڕۆ یەکشەممە، بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەک، باسی لەوە کرد کە بنەماڵەی ئەم بەندکراوانە لە بەردەم بەندیخانەی ئێڤین کۆ بوونەتەوە و خوازیاری هەڵوەشانەوەی سزای لەسێدارەدانی کوڕەکانیانن.

ئەم کەمپەینە بە سەرنجدان بەوەی کە بنەماڵەی ئەم زیندانییانە ئێستا لە ڕێگای ڕۆیشتن بۆ تاران و بەندیخانەی ئێڤیندان، داوای لە خەڵكی تاران و هەموو مرۆڤە ئازادیخوازەکان کردووە پەیوەستی ئەم کەمپەینە بن. هەروەها داوایان لە ناوەندە مافی مرۆییەکان و کۆڕ و کۆبوونەوە نێونەتەوەییەکان کردووە بە شێوەی بەپەلە و جیددی بۆ پێشگرتن لەم سزایە هەوڵێکی بەپەلە و کاریگەر بدەن.

مەسعوود شەمس‌نژاد، پارێزەری ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە کوردە، لە لاپەڕەی ئیکسی خۆیدا ڕایگەیاند؛ "پاش تۆمارکردنی داواکاریی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکە لە دیوانی باڵای رێژیم لەلایەن بریگرتەکانم وەفا ئازەربار، محەممەد فەرامەرزی، موحسن مەزڵووم و پژمان فاتحی بە هۆی پەیوەستنەکردنی دادنامەکانی سەرەتا و کۆتایی، داوکارییەکە ڕەت کرایەوە، بەگشتی لە دۆسییە ئەمنییەتییەکاندا، دادنامەکان ڕادەستی پارێزەرەکان ناکرێت."

سزای لەسێدارەدرانی وەفا ئازەربار، محەممەد فەرامەرزی، موحسن مەزڵووم و پژمان فاتحی، چوار بەندکراوی سیاسیی کورد سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک ساڵ و نیو لە دەسبەسەرکران و بێسەروشوێنکردنیان، لە بێدەنگیی ڕەهادا دەر کرا و دۆسییەکە بە مەبەستی پشتڕاستکردنەوەی سزاکە ڕادەستی دیوانی باڵای ڕێژیم کرا.