کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوار بەندکراوی سیاسیی کورد لە سێدارە دران

10:46 - 9 رێبەندان 2723

هەواڵدەریی میزان، سەر بە هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیم، ئەمڕۆ دووشەممە، ٩ی ڕێبەندان، بە بلاوکردنەوەی هەواڵێک باسی لە جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی پژمان فاتحی، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و موحسن مەزڵووم، لە بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج، کرد.

ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی ڕێبەندان، بنەماڵەی ئەم چوار بەندکراوە کوردە پاش ١٩ مانگ بێئاگایی لە دۆخی منداڵەکانیان، بۆ یەکەم جار و ئاخر جار لە بەندیخانەی ئێڤین چاویان بە کوڕەکانیان کەوت.

دوابەدوای چاوپێکەوتنی بنەماڵەکان، ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای داسەپاوی لەسێدارەدران، ڕەوانەی بەندیخانەی قزلحساری کەرەج کران.

 مەسعوود شەمس‌نژاد، پارێزەری ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە کوردە، لە لاپەڕەی ئیکسی خۆیدا ڕایگەیاند؛ "پاش تۆمارکردنی داواکاریی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکە لە دیوانی باڵای ڕێژیم لەلایەن بریگرتەکانم وەفا ئازەربار، محەممەد فەرامەرزی، موحسن مەزڵووم و پژمان فاتحی بە هۆی پەیوەستنەکردنی دادنامەکانی سەرەتا و کۆتایی، داوکارییەکە ڕەت کرایەوە، بەگشتی لە دۆسییە ئەمنییەتییەکاندا، دادنامەکان ڕادەستی پارێزەرەکان ناکرێت."

سزای لەسێدارەدرانی وەفا ئازەربار، محەممەد فەرامەرزی، موحسن مەزڵووم و پژمان فاتحی، چوار بەندکراوی سیاسیی کورد سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک ساڵ و نیو لە دەسبەسەرکران و بێسەروشوێنکردنیان، لە بێدەنگیی ڕەهادا دەر کرا و دۆسییەکە بە مەبستی پشتڕاستکردنەوەی سزاکە ڕادەستی دیوانی باڵای ڕێژیم کرا.

ئەم بەنکراوانە لەلایەن دادگاوە پارێزەریان بۆ دیاری کرابوو و بنەماڵەکانیان رایانگەیاندبوو کە نازانن ئەم پارێزەرانە کێن و هیچ پێوەندییەکیان لەگەڵ بنەماڵەکان نەگرتووە. لەلایەکی ترەوە بنەماڵەکان، "مەسعوود شەمس نژاد"، پارێزەری پلە یەکی دادگوستەرییان وەکوو پارێزەری منداڵەکانیان بە ناوەندە دادوەرییەکان ناساندبوو، بەڵام مەسعوود شەمس نژاد لە ماوەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوودا نەیتوانیبوو دۆسییەکەیان ببینێ و هیچ وڵامێکیشی لەلایەن ناوەندە دادوەرییەکانەوە وەرنەگرتبوو.