کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەکان بە لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد

13:04 - 9 رێبەندان 2723

لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕێبەندان، لەگەڵ کاردانەوەیەکی بەربڵاو لەلایەن چالاکوانان و ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان بەرەوڕوو بووەتەوە.

پاش لەسێدارەدانی محەممەد فەرامەرزی، موحسن مەزڵووم، پژمان فاتحی و وەفا ئازەربار، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران داوای لە کۆمەڵگەی جیهانی کرد تاکوو بێدەنگیی خۆیان  لەهەمبەر ڕەوتی لەسێدارەدانەکانی ڕێژیم بشکێنن.

مەحموود ئەمیری موقەدەم بەرپرسی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەمبارەوە وتی: "ئەم چوار بەندکراوە لەسەر بنەمای دانپێدانان لەژێر ئەشکەنجە و بە بێ پرۆسەی یاسایی لە سێدارە دراون و ئەوە بە کوشتن لە دەرەوەی چوارچێوەی دادوەریی دادەنرێت کە پێویستە خامنەیی و دەسەڵاتی دادوەریی گەندەڵی کۆماری ئیسلامی لەم کوشتنانە بەرپرسیار بکرێن."

ئەمیری موقەدەم زیادی کردووە کە هەڵوەشاندنەوەی سەردانی نێدا ئەلنەشیف جێگری کۆمیساریای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئێران و وتووێژنەکردن لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیم، دەتوانێت کەمترین کاردانەوەی کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بەم لەسێدارەدانانە بێت.

لەلایەکی دیکەوە کەمپەینی بەرگریی لەم چوار بەندکراوە سیاسییە، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی نووسی: "ئەم تاوانە بێوڵام نامێنێتەوە و خەباتی ئێمە پێداگرتر لە ڕابردوو درێژەی دەبێت."

محەممەد فەرامەرزی، موحسێن مەزڵووم، وەفا ئازەربار و پژمان فاتحی چوار بەندکراوی سیاسی کورد و ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بوون کە وێڕای کاردانەوە بەربڵاوە نێودەوڵەتییەکان، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە سێدارە دران.