کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراو لەبارەی ئێعدام‌کرانی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد

14:33 - 9 رێبەندان 2723

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان!

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ!

بە داخەوە چەند ڕۆژ دوای ڕاگەیەندراوی پێشووی حیزبی دێموکرات کە لەودا وڵاتان، کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەییەکان و ڕێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ سەبارەت بە بەردەوامیی ئێعدامەکان لە ئێران وریا کرابوونەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ٩ی ڕێبەندان (٢٩ی ژانوییەی ٢٠٢٤)، پژمان فاتیحی، موحسین مەزڵووم، وەفا ئازەربار و محەممەد فەرامەرزی، چوار بەندکراوی سیاسیی کورد لەگرتووخانەی قزل‌حەساری شاری کەرەج لەسێدارە دران.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دەسەڵاتدارەتیی خۆیدا هەموو ئامرازێكی سەركوت و کوشتوبڕ و یەک لەوان ئێعدامی لە ئاستێکی بەرفراواندا و بە مەبەستی سەپاندنی کەشی ترس و تۆقان لە کۆمەڵگە و كپكردنی دەنگی ئازادیخوازانە ناڕەزایەتیی خەڵک بەکار هێناوە. بێگومان هەتا ئێعدامەکان و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بۆ ئەو ڕێژیمە هەروا کەم تێچوو بێت، ڕێژیمی مرۆڤکوژی کۆماری ئیسلامی لەپێناو ڕاگرتنی دەسەڵاتە ناڕەواکەیدا هەروا لەسەریان بەردەوام دەبێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکووم‌کردنی ئێعدامی ئەو چوار بەندکراوە سیاسییەی کورد و بەندکراوانی سیاسیی دیکەی ئەم‌دواییانە هاوخەمیی خۆی لەگەڵ بنەماڵەکانیان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ڕادەگەیەنێت. هاوکات پێویستە بە کۆماری ئیسلامی بگوترێتەوە کە خەڵکی مافخوازی کوردستان و ئێران بە ئێعدامی تێکۆشەرانی سیاسی و سیاسەتی سەرکوت و کوشتوبڕ چاوترسێن نابن و خەبات و تێکۆشانیان بۆ بەچۆکداهێنانی ئەو ڕێژیمە بەردەوام دەبێت.

هەروەها جارێکی دیکەش داوا لە کۆمەڵگەی جیهانی، وڵاتان و کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان دەکات، بە چڕکردنەوەی گوشارە دیپڵۆماسییەکانیان دژی کۆماری ئیسلامی و گرتنەبەری ڕێکاری بەکردەوەی وەڵامدەر پێشی بەردەوامیی جینایەتەکانی ئەم ڕێژیمە دەرحەق بە خەڵکی کورد و باقی نەتەوەکانی دیکەی ئێران بگرن.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەری

٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی