کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات سێ کتێبی پێشکەش بە کتێبخانەی حیزبی دێموکرات کرد

16:38 - 9 رێبەندان 2723

حەسەن ئازادە، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ڕێوڕەسمی ٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵ کە ڕۆژی شەممە، ٧ی ڕێبەندان لە وڵاتی سویس بەڕێوە چوو، سێ کتێبی خۆی پێشکەش بە کتێبخانەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد.

کتێبەکان لەلایەن ئەم نووسەرەوە بە فەرمی پێشکەش بە خاتوو چیمەن برایم میرزا، سەرپەرستی کۆمیتەی حیزب لە سویس کران.

حەسەن ئازادە تەمەنی ٤٨ ساڵە و بە فەرمی ماوەی ٤ ساڵە دەستی بە نووسین کردووە و هەر سێ کتێبەکەشی لەوپەڕی بێ ئیمکاناتیدا و بە مۆبایل نووسیون.

ناوبراو سی کتێبی بە ناوەکانی همچون درنای سفید بە زمانی فارسی، شاری خەونەکان و ژووری پەنابەری بە زمانی کوردی بڵاو کردووەتەوە.

کاری دیزاینی ئەم کتێبانە لەلایەن پەپوولە یوسفییەوە کراوە و ناوەندی  ٤٩ کتێب ئەرکی بڵاوکردنەوەی کتێبەکانی لە ئەستۆ بووە.

نووسەر لە کتێبی همچون درنای سفیددا، باسی لە ژیان و بەسەرهاتی خۆی لە تەمەنی ٧ ساڵییەوە کردووە کە چۆن تووشی بە هۆی چالاکیی سیاسییەوە تووشی ئاوارەیی بووە و ناچار بووە پەنا بۆ هەندەران ببات.

لە کتێبی ژووری پەنابەریشدا باسی لە مانەوی خۆی و منداڵەکەی لە یوونان و ژیانی کۆچبەری کردووە.

لە کتێبی سێهەمدا بە ناوی شاری خەونەکان، بەسەرهاتی خۆی دوای ڕزگاربوون و نیشتەجێبوون لە ولاتی سویس کردووە و دەلێ: دوای ئەو هەموو سەختییە کە لەگەڵ منداڵە بچوکەکەم کێشامان، وەک لە جەهنەمەوە بچیتە بەهەشت، ژیانمان تووشی گۆڕان بوو".

بە وتەی ئەم نووسەرە کتێبی همچون درنای سفید وەرگێڕدراوەتەوە بە زمانی ئینگلیسی و تەنیا کاری دیزاینەکەی ماوە، کتیبی ژووری پەنابەریش، خەریکە بە زمانی ئینگلیسی ئامادە دەکرێ.

حەسەن ئازادە سەبارەت بە پیشکەسکردنی ئەم کتێبانە بە حیزبی دێموکرات وتی: حیزبی دێموکرات حیزبێکی نەتەوەییە و هەوڵ بۆ دابینکردنی مافی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان دەدات، بۆیە بە شانازییەوە کتێبەکانم بە نوێنەری خەڵکی ڕۆژهەڵات واتە حیزبی دێموکرات پێشکەش دەکەم تاکوو نەوەی داهاتوو کەڵکیان لێ وەربگرن.