ڕۆژی شەممە ٧ی ڕێبەندان (٢٧ی ژانویەی ٢٠٢٤)، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ لە وڵاتی سویس و بە بەشداریی بەرچاوی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی ئەی ڕەقیب لەلایەن هونەرمەندی بەتوانای گەلەکەمان کاک ڕەشید فەیزنژاد و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.
پەیامی كۆمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە وڵاتی سویس لەلایەن بەرپرسی گشتیی کۆمیتە، خاتوو چیمەن بارام میرزا خوێندرایەوە.
بەشێک لەم ڕێوڕەسمە تەرخان کرابوو بۆ وتارێکی سیاسی سەبارەت بە دامەزرانی کۆماری کوردستان و دەسکەوتەکانی ئەم کۆمارە کە لەلایەن دوکتور محەممەد حوسێنزادە، دوکتورای پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە پێشکەش کرا.
چەندین حیزب و لایەنی کوردستانی بە ناردنی پەیام و برووسکەی پیرۆزبایی بۆ کۆمیتەی حیزب، پیرۆزبایی ئەم یادەیان کردبوو.
ئەو حیزب و لایەنانە بریتی بوون لە: نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پارتی دیمۆکراتی کوردستان، پارتی سۆسیالیستی کوردستان باکوور PSK، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، حیزبی شیوعیی کوردستان، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ناوەندی کەلتوری کورد لە سویس.
لە بڕگەیەکی دیکەدا، لەلایەن کۆمیتەی حیزبەوە ڕێز لە نووسەر كاک حەسەن ئازادە گیرا کە سێ بەرهەمی خۆی لە قاڵبی کتێبدا و لەو ڕێوڕەسمەدا پێشكەش بە کتێبخانەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئیران کرد.
لە بڕگەیەک لەو ڕێوڕەسمەدا، چەپكەگوڵێک بە نیشانەی ڕێز لەلایەن كۆمیتەی حیزبەوە پێشكەشی دوو هۆنەرمەندەی شۆڕشگێر و نیشتمانپەروەری كوردستان کاک ڕەشید فەیزنژاد و کاک حەسەن دەرزی كرا.
دوابڕگەی ڕێوەڕەسمەكە بە شایی و هەڵپەڕكێی بەشداربووان و ئاواز و مۆسیقا لەلایەن هونەرمەندان کاک حەسەن دەرزی، کاک ڕەشید فەیزنژاد و کاک ئارەش یاری كۆتایی پێ هات.