کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمینارێکی سیاسی بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان لە پاریس

01:24 - 10 رێبەندان 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی ڕێبەندان (٢٨ی ژانویەی ٢٠٢٤)، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هاوکاریی پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد لە سووریە، پارتی وڵاتپارێزی کوردستان و هاک پار، سێمینارێکی سیاسیی بە بەشداریی زیاتر لە ١٥٠ کەس لە کوردستانیان، ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزب و نوێنەرانی هێز و لایەنە کوردستانی و ئێرانییەکان، بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان، ٧٨ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە پاریس بەڕێوە برد.

سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگەیاندنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان  لەلایەن کانی جەهانگیری، پێشکەشکاری سێمینارەکەوە دەستی پێ کرد.

لە دەسپێکی بەرنامەکەدا ڤیدیۆیەکی دێکۆمێنتاری لەسەر کۆماری کوردستان پیشانی ئامەدەبووان درا.

لە پانێلی یەکەمدا، دوکتۆر کوێستان گادانی، بەرپرسی هەیئەتی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، ئاوڕێکی کورتی لە مێژووی کۆماری کوردستان و کاریگەریی ئەم ڕووداوە مێژووییە لەسەر نەتەوەی کورد دایەوە. ناوبراو بە ئاماژەکردن بە دەسکەوتەکانی کۆمار و بە ئەزموون وەرگرتن لە کۆماری کوردستان، جەختی لەسەر کارکردن بۆ کەمکردنەوەی ئاستەنگییەکانی سەر ڕێگای کاری هاوبەش و یەکگرتوویی ناو ڕیزەکانی بزووتنەی کورد، قوستنەوەی دەرفەتەکان بە شێوەیەکی دروست و بە هەماهەنگی و بەرنامەی تایبەت، گرینگیی هەبوونی بەرنامە و پلانی  تۆکمە و درێژخایەن لە ڕاستای بەردەوامیی ڕاگرتنی دەسکەوتەکان کرد و ئەمانەی بۆ ئەوەی کە بتوانین لە داهاتوودا ڕووداوێکی دیکەی مێژوویی پرشنگدار و کاریگەر لە هاوشێوی کۆماری کوردستان بۆ نەتەوەکەمان تۆمار بکەین بە پێویست زانی.

لە پانێکی دووهەمدا، بەڕێز مامەند ڕۆژە لێکۆڵەری ستراتێژیک باسێکی لەسەر کۆماری کوردستان و ڕەهەند و ستراتێژییەکانی ئەو سەردەمەی ناوچەکە کرد.

دواتر بەڕێز دوکتور زەینەب جەمۆ چالاکی سیاسیی ڕۆژاوای کوردستان باسێکی گشتیی لەسەر مێژوو و ڕەنگدانەوەی کۆمار لەسەر ڕۆژاوای کوردستان کرد.

لە بەشێک لەم سێمینارەدا، پەیامی پیرۆزبایی ئەو لایەن و حیزبانەی کە بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندانەوە نێردرابوون، خوێندرانەوە.

سێمینارەکە بە پرسیار و تێبینیی بەشداربووان و وڵامدانەوەیان لەلایەن پانێلیستەکانەوە  کۆتایی هات.