کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات: مانگرتنی خەڵکی کوردستان دژ بە لەسێدارەدانی ڕۆڵەکانیان جێگای ڕێز و پێزانینە

16:07 - 10 رێبەندان 2723

ئەمڕۆ سێشەممە، ١٠ی  ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، بەشێک لە شارەکانی کوردستان بە بەڕێوەبردنی مانگرتن و داخستنی دووکان و بازاڕەکان، ناڕەزایەتیی خۆیان دژ بە لەسێدارەدانی ٤ کەس لە ڕۆڵەکانی خۆیان؛ پژمان فاتحی، موحسن مەزڵووم، وەفا ئازەربار و محەممەد فەرامەرزی، دەربڕی.

ناڕەزایەتیی خەڵک دژ بە لەسێدارەدانی ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە کە درێژەی هەڵوێست و ڕەفتاری مافخوازانەی خەڵکی کوردستان دژ بە دیکتاتۆری و سەرکوتکاریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، لە جێی خۆیدا نیشانەی خاوەندارێتیی کۆمەڵگەیەکی زیندوو لە خەباتی مافخوازانەی لەمێژینەی خۆیەتی.

کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بە لەسێدارەدانی چوارکەس لە ڕۆڵەکانی کورد و بە دوای ئەودا داسەپاندنی حوکمی ئێعدام بە سەر چەند کەس لە چالاکانی سیاسیی دیکەی گەلەکەمان پێی وایە دەتوانێ کۆمەڵگەی کوردستان ناچار بە پاشەکشە و بێدەنگی بکات، ئەمڕۆ بۆ جارێکی دیکە ئەو پەیامە لێبڕاوانەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی وەرگرتەوە کە هەر وەک خەڵک لە خۆپیشاندانەکانی ڕابردوودا وتوویانەتەوە؛ "هەتا کوردێک بمێنێ، کوردستانیش دەمێنێ".

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکوومکردنەوەی کردەوەی جینایەتکارانەی لەسێدارەدانی خەباتکارانی کوردستان، بە چاوی ڕێز و پێزانینەوە دەڕوانێتە مانگرتنەکانی ئەمڕۆی شارەکانی کوردستان و لەوە دڵنیایە کە سیاسەتی سەرکوتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کار لە ئیرادەی مافخوازانەی تێکۆشەرانی کورد و ڕۆڵە خەباتکارەکانی ناکات.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتی

١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٢