ڕۆژی شەممە، ٧ی ڕێبەندان (٢٧ی ژانویەی ٢٠٢٤)، بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب و نوێنەرانی هێزە سیاسییەکانی کوردستان و ئێران ڕێوڕەسمێکی تایبەت لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتەوە لە ئاڵمان و بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی یادی ٢ی ڕێبەندان، ٧٨ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان، بەڕێوە چوو.
سەیران بایزیدحوسێنی و باخەکۆ مورادی، پێشکەشکارانی ڕێوڕەسمەکە بەخێرهاتنی ئامادەبووانیان کرد.
ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی کوردستان، دەستی پێ کرد.
پەیامی ناوەندی بەڕیوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن خاتوو لەعلا کەیخوسرەوی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی گشتی و بەرپرسی بەشی ماڵیی کۆمیتە خوێندرایەوە.
دواتر پەخشانێک لەلایەن کاک چەنگیز سیگارچییەوە پێشکەشی ئامادەبووان کرا.
پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە ئاڵمان لەلایەن خاتوو بەهار حوسێنی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی گشتی و بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی کۆمیتەوە خوێندرایەوە.
پەیامی "ناوەندی هاوکاریی هێزە سیاسیەکانی کوردستان لە ئاڵمان/هەڤکاری لەلایەن گومان حوسێن و پەیامی یەکیەتییەکانی لاوان، ژنان و خوێندکارانی دێموکرات لەلایەن خاتوو فەرزانە رەزەوی بەرپرسی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە ئاڵمان خوێندرایەوە.
بەشێکی زۆر لە لایەنە سیاسیە کوردستانی و ئێرانییەکان وێڕای پەیامی پیرۆزبایی بە هێنانی گوڵ بۆ ڕێوڕەسمەکە ڕێزیان لە یادی ٧٨ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان گرت.
لایەنە سیاسی و مەدەنییە کوردستانی و ئێرانییەکان بریتی بوون لە: حیزبی چەپی ئێران، ناوەندی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە ئاڵمان/هەڤکاری، پارتی دێموکراتی کوردستان، پارتی سۆسیالیستی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، پارتییا دێموکراتا کورد لە سووریە (ئەلپارتی)، کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئیران، پارتی ئازادی کوردستان/باکوور، پارتی دێموکراتی کوردستان /سووریە، پارتی دێموکرات کوردستان/باکوور، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، شەپێلا پێشەڕۆژا کوردستانا سووریە، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، تەڤگەرا چاکسازییا کوردستانا سووریە، پارتی یەکیەتی کوردستانی سووریە، پارتی دێموکراتی نیشتمانی کوردی لە سووریە، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران، پارتی دێموکراتی کوردی لە سووریە، پارتی دێموکراتی پێشەڕۆژی کوردستانی سووریە، رێکخراوی جیهانی کورد و کۆمکار.
لە نێواخنی ڕێوڕەسمەکەدا، چەند هۆنراوەیەک لەلایەن هونەرمەندانی بەشدارەوە پیشکەشی ئامادەبووان کران.
رێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان کۆتایی پێ هات.