کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوچوونی خۆپێشاندانێک لە کۆپێنھاگ بۆ مەحکوومکردنی لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد

17:42 - 11 رێبەندان 2723

ڕۆژی سێشەممە ١٠ی رێبەندان(٣٠ی ژانوییەی ٢٠٢٤)، خۆپێشاندانێک لە کۆپێنھاگی پێتەختی وڵاتی دانمارک بە مەبەستی مەحکوومکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ھەمبەر لەسێدارەدرانی چوار ڕۆڵەی کورد پژمان فاتحی، موحسن مەزڵووم، وەفا ئازەربار و محەممەد فەرامەرزی  لە بەردەم باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی بە دەستپێشخەری کۆمیتەی بەرگری لە زیندانییانی سیاسی لە ئێران و لەلایەن چەند ھێز و لایەنێکی سیاسیی ڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە بەڕێوە چوو.

عەلی ئازاد، بەڕێوەبەری خۆپیشاندانەکە، بە ڕاگەیاندنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، دەسپێکی خۆپیشاندانەکەی ڕاگەیاند.

ڕاگەیەندراوی ناوەندی بەرێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەبارەی لەسێدارەدرانی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد لەلایەن ئەحمەد ڕەحمانی، بەرپرسی بەشی پەیوەندییە ئێرانی و کوردستانییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆمیتەی دانمارک، خوێندرایەوە.

پەیامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانیش لەلایەن خاتوو کوێستان جەعفەرییەوە خوێندرایەوە.

ژمارەیەک هێز و لایەنی سیاسی لەم خۆپیشاندانەدا بەشدار بوون کە بریتی بوون لە:

⁃حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆمیتەی دانمارک، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کۆمیتەی دانمارک، کۆمیتەی بەرگری لە زیندانییانی سیاسی لە ئێران.

خۆپیشاندەران وێڕای وتنەوەی سروودی شۆڕشگێرانە، لە بەردەم باڵوێزخانەی رێژیم بە زمانەکانی کوردی و فارسی دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دروشمیان دا.