کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەنیایی دیکتاتۆرێک

01:13 - 16 بەفرانبار 2723

کەریم پەرویزی

ئەوانەی ساڵانێکی زۆر دوورودرێژ لەسەر کورسیی دەسەڵات دەمێننەوە و بەجۆرێک داگیرکەری بەناڕەوای ئەو کورسیەن، لەگەڵ دوو دیاردەی وێرانکەر بۆ دەسەڵاتەکەیان بەرەوڕوو دەبنەوە:

یەکەم بڕوایان بە کەس نامێنێ و هەموو کەس وەکوو مەترسی یان ئەوپەڕی وەکوو مۆرە دەبینن و لەگەڵ ئەوەشدا نیگەرانن لەوەی کە وەهمی کەسایەتییەکەیان لای مۆرەکانیان بشکێ و هەر بۆیە دڵەخورپەی ئەوەشیانە کە خۆشەویستییان لای مۆرە ئازیزەکانیان نەمێنێتەوە!

دووهەم: دیاردەیەکی دیکە بەرۆکیان دەگرێ کە هەر پێوەندیی بە وەهمی کەسایەتییانەوە هەیە و بریتیە لەوەی کە لەگەڵ تێپەڕینی ساڵانی بەدوای یەکدا، ئەو بەڵێن و دروشمانەی داویانن، وەدی نەهاتوون و ساڵ لەگەڵ ساڵ دەبێ بیانووی نوێ بۆ پاساوی بەڵێنە وەڕاست نەگەڕاوەکانیان بدۆزنەوە و هەر بۆیە ساڵ لەگەڵ ساڵ دروشمی گەورەتر و بەڵێنی فراوانتر لە پێشوو دەدەن تاکوو بەڵێنەکانیان یان بە واتایەکیتر درۆکانی پێشوویان بشارنەوە! نیگەرانییان لەوەی کە تەلیسمی درۆکانیان بشکێ و وەهمی کەسایەتییان بڕووخێ شەو و ڕۆژیان لێ تاڵ دەکا و بەدوای بەڵێنی دیکە دەگەڕێن تاکوو ماوەیەکی دیکەی پێ تێپەڕێنن!

وەلیی فەقیهی ‌حاکم لە وڵاتی بەڵالێدراوی ئێران، ئەو دیکتاتۆرەیە کە لە چرکەساتەکانی کۆتایی تەمەنیدا، زیاتر لە هەموو کات هەست بە تەنیایی و تەریک‌کەوتنەوە دەکا و ترسی زۆرتر بەرۆکی دەگرێ.

لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا، خامنەیی لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەی قاسم سولەیمانیی تێرۆریستدا قسەیەکی کرد کە سەری میدیا و سیاسیکارانی لێ سووڕ ما، ئەویش ئەو قسەیەی بوو کە گوتی لە ساڵانی پێشوو خودا لە زمانی ئەوەوە قسەی کردوە!

خامنەیی ئیدی فەرماندە تێرۆریستەکانی و ئیمامە وەهمیەکانی و هیوا کرچو کاڵەکانی بۆ پووتین و حەسەن نەسروڵا و حەماس و ... دادی نەداوە و هیچ دەرەتانی بۆ نەماوەتەوە و خۆی کردوە بە زمانی ڕاستەوخۆی خودا بۆ خەڵک! جاران دەیانگوت کە وەلیی فەقیهی ئایەت و نیشانە و نوێنەرێکی خودایە بەڵام ئێستا لەوە تێپەڕیوە و خۆی کردوە بە زمانی بەگوڕی خودا!

لێرەدا کە پلە و پایەی خۆی گۆڕیوە و پەنای بردۆتە بەر وەهمێکی وەها گەورە دەبێ دۆخی شوێن و کاتی بۆ لێک بدەینەوە تاکوو بزانین کە خامنەیی بۆچی خۆی کردوە بە زمانی گڕداری خودا و درۆیەکی ئاوا ڕوون و گەورە دەکا؟!

لە سیستمی ویلایەتی فەقیهیدا لە ڕۆژی یەکەمەوە تاکوو ئێستا بناخەکەیان لە سەر ئەساسی پاوان کردن و داگیرکردنی تاکڕەوانەی کورسی دانا و هەر بۆیە خومەینی و دارودەسەتەکەی هەر لە یەکەم ڕۆژەکانەوە دەستیان دایە پاکتاوکردنی ئەوانەی کە بۆ سەرخستنی ڕژیم لەگەڵیان بوون و تەنانەت ئایەتوڵڵا و مەرجەعەکانیشیان تێرۆر کرد. کار گەیشتە شوێنێک کە خومەینی، جێگرەکەی خۆی واتە مونتەزیریی سڕییەوە!

ئەو میراتە بۆ خامنەییش مایەوە و هەموانی لە دەسەڵات دوور خستەوە و تەنانەت ڕەفسەنجانیشی لە نێو حەوزدا خنکاند! دیکتاتۆر بۆ ئەوەی کەس شەریکی دەسەڵات و بڕیارەکانی نەبێ، هەموویانی سڕییەوە و لە کۆتاییدا کەسێکی بێسەواد و نەزانی وەکوو ڕەئیسی و دارودەستەکەی بۆ ماوەتەوە!

ئەمە لە کاتێک‌دایە کە ساڵ لەگەڵ ساڵیش وادەی داوە کە بەرەی موقاومەت پەرە دەستێنێ  و ئیسرائیل و ئامریکا کۆتاییان پێ دێ! دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهیش کە بە ئومولقورای ئیسلامی ناوی دەبرد، باڵ بەسەر ناوچەکە و جیهانی ئیسلامیدا دەکێشێ.

ئەو بەڵینانە نەک بەدی نەهاتوون بەڵکوو ئابوورییەکەی وێرانتر و خەڵکی وڵات لێی بێزارتر بوون و بەرەی موقاومەت کە قەرار بوو ئیسرائیل و ئامریکا لەنێو بەرن ئێستە لەژێر بوردومانی مووشەک و درۆنەکانی ئامریکا و ئیسرائیل لە غەزە و بابولمەندەب و سووریە و لوبنان و عێڕاقدان و خامنەییش ناتوانێ پشتیان بگرێ و خۆی لە بەرپرسایەتییەکەی دەدزێتەوە!

ترس لە مووشەکەکانی ئامریکا وای لێ کردوە کە بڵێ ئەو ئاگای لە بڕیارەکانی بەرەی موقاومەت نیە! بەڵام ترسیشی لە ڕووخانی وەهمی کەسایتەییەکەی لانیکەم لە نێو لایەنگرانیدا هەموو ڕۆژ زۆرتر دەبێ و هەست بە سەرشۆڕی دەکا.

ئەم سەرشۆڕییە وەها یەخەی گرتوە کە ناتوانێ وەڵامێک بۆ بنەماڵەی قاسم سولەیمانیی تێرۆریست بدۆزێتەوە! سەرەتای کوژرانی قاسم سولەیمانی، خامنەیی و پاسدارە تێرۆریستەکانی دەیانگوت تۆڵەی سەخت و زۆر توند دەستێننەوە بەڵام نەک هیچیان پێ نەکرا بەڵکوو مووشەکیان بە فڕۆکەی سیڤیلی خودی ئێرانەوە نا!

لەم دواییەشدا کە شەڕی غەزە دەستی پێ کرد، پاسدارێکیان لە دەمی دەرچوو و گوتی ئەم شەڕە تۆڵەی قاسم سولەیمانیە، کەچی نەیانهێشت شەوی بەسەردا بێ و ڕەدیان کردەوە و گوتیان لەخۆوە  شتی وای گوتوە! چوونکە لە مووشەکەکانی ناوە ئەتۆمییەکانی شەیتانی گەورە دەترسان!

جێگری قاسمی تێرۆریست لە سووریەش لێی درا و تازەییش سەرۆکی حەماس لە لوبنان کوژرا و خامنەیی هیچی پێ نەکراوە بۆ تۆڵە و هەر دەبێ خۆی لە بەرپرسایەتیش بدزێتەوە چوونکە ناوە ئەتۆمییەکان لە خەلیج ڕیزیان بەستوە!

لە وەها دۆخێکدا کە دیکتاتۆری ملهوڕ بەتەواوی هەست بە تەنیایی دەکا و داڕووخانی وەهمی کەسایەتیە درۆینەکەی بە بەرچآویەوە دەبینێ، بۆ دڵدانەوەی بنەماڵەی قاسم سولەیمانیی تیرۆریست و هەروەها لایەنگرە مێشک پووچەڵەکانی ناچارە کە درۆیەکی گەورەتر لە درۆیەکانی جاران بکا و لەڕاستیدا بۆ دڵدانەوەی خۆی و شاردنەوەی دڵخورپەی ڕووخانی وەهمەکانی، خۆی دەکا بە زمانی بەگوڕ و گڕداری خودا و دەڵێ کە هەرچیی گوتوە ئەوە خودا بووە کە لە زمانی ئەمەوە دواوە!

دەیەوێ بڵێ گەر درۆی کردوە و بەڵێنیی درۆی داوە و ئێستە سەرشۆڕانە دەبێ خۆی بدزێتەوە لە بەرپرسایەتییەکانی، ئەوە خودا تاوانبارە چوونکە ئەو قسانە کاتی خۆی گوتوویەتی قسەی خودا بوون کە لە زمانی ئەمەوە گوتراون!

دیکتاتۆری تەنیا لە کۆتاییەکانی تەمەنی دەسەڵآتەکەیدا لەهەموو کات ترسنۆکتر و لە هەموو دەمێک ترسناکترە! ڕەنگە بۆ دەربازکردنی وەهمی کەسایەتیەکەی لە ڕووخان، سیاسەتێک بگرێتە پێش کە هەم خەڵکی زۆر گیانیان لە دەست بدەن و خەساری زۆر بە ژیان و ماڵی خەڵک بگا و هەم دەسەڵاتەکەشی بخرێتە نێو کوانووی ئاگرەوە!