کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێونەتەوەیی خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدرانی ڕەزا ڕەساییە

12:36 - 16 بەفرانبار 2723

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاند کە ڕەزا ڕەسایی، مەترسیی لەسێدارەدرانی لەسەرە و خوازیاری هەڵوەشاندنەەوەی ئەم سزایە بوو.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٤ی بەفرانبار، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لە زۆربوونەوەی ئەگەری لەسێدارەدرانی ڕەزا ڕەسایی لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کرد.

ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆییە، ڕایگەیاند کە سزای لەسێدارەدرانی ئەم هاووڵاتییە یارسانە کە خەڵکی کرماشانە، پاش دادگاییکرانێکی نادادپەروەرانە و هاوکات لەگەڵ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجەدا دەر کراوە.

لێبوردنی نێونەتەوەیی لەم ڕاگەیەندراوەدا داوای لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کردووە کە هەر چەشنە بەرنامەیەک بۆ لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی ڕابگرێت و سزاکەی هەڵوەشێنێتەوە.

لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە ڕەزا ڕەسایی لە لێپرسینەوەکانیدا و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدادانی زۆرەملێ، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە کەوتووەتە ژێر ئەشکەنجەی قورسی وەک لێدانی شۆکی ئێلێکتریکی، خنکاندن لە ڕێگەی بەسەرداکردنی کیسەی پلاستیکی و لێدانی توند. ڕەزا ڕەسایی لە دەسپێڕاگەیشتن بە دادڕەسییەکی دادپەروەرانە هاوتەریب لەگەڵ ستانداردە نێونەتەوەییەکان بێبەری بووە و دانپێدانانەکەشی نابێ پشتی پێ ببەسترێت.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٠ی بەفرانابار، دۆسییەی ڕەزایی ڕەسایی پاش پشتڕاستکرانەوە لە لقی ١٧ی دیوانی باڵای ڕێژیم، ڕادەستی بەشی جێبەجێکاری سزاکانی دادگای کرماشان کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لەلایەن لقی ٢ی دادگای سزای کرماشانەوە بە تۆمەتەکانی "هاوکاری لە کوشتنی بەئەنقەستی نادر بەیرامی، بەرپرسی ئیتلاعاتی سپا لە شاری سەحنە، بەشداریی لە لێدانی بەئەنقەست، نواندنی هێز لە ڕێگەی بەدەستەوەگرتنی چەقۆ، تێكدانی نەزم لە ڕێگەی هەرانانەوە" بە لەسیدارەدران و پێبژاردنی دیە و یەک ساڵ بەندکران و لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کراوە.