کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوار زیندانیی سیاسیی کورد مەترسیی لەسێدارەدرانیان لەسەرە

17:53 - 17 بەفرانبار 2723

حوکمی لەسێدارەدرانی موحسن مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتحی، چوار زیندانیی سیاسیی کورد، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵ و نیوێک دەسبەسەرکران و بێسەروشوێنبوون، لە بێدەنگیی تەواودا دەر کراوە و دۆسییەکەیان بۆ پشتڕاستکرانەوەی سزاکە، ڕەوانەی دیوانی باڵای ڕێژیم کراوە.

بەپێی زانیارییەکان، وەزارەتی ئیتلاعات فەرمانی بە ناوەندە دادوەرییەکانی دیوانی باڵای ڕێژیم داوە کە حوکمەکان بەپەلە پشتڕاست و جێبەجێ بکرێن.

ئەم زیندانییانە لەلایەن دادگاوە پارێزەریان بۆ دیاری کراوە و تاکوو ئێستا بنەماڵەکانیان نازانن ئەم پارێزەرانە کێن و هیچ پێوەندییەکیان لەگەڵ بنەماڵەکان نەگرتووە. لە لایەکی ترەوە بنەماڵەکان، "مەسعوود شەمس نژاد"، پارێزەری پلە یەکی دادگوستەرییان وەکوو پارێزەری منداڵەکانیان بە ناوەندە دادوەرییەکان ناساندووە، بەڵام مەسعوود شەمس نژاد لە ماوەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوودا نەیتوانیوە دۆسییەکەیان ببینێ و هیچ وڵامێکیشی لەلایەن ناوەندە دادوەرییەکانەوە وەرنەگرتووە.

بێ‌ئاگابوونی بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییانە لە دۆسییەکانیان لە ئاستێکدایە کە تەنانەت نازانن دۆسییەکە لە دیوانی باڵای ڕێژیمدا گەیشتووەتە کۆتایی یان نە و تەنیا دەزانن دۆسییەکە لە یەکێک لە لقەکانی ئەم دیوانە و بە ئەگەری زۆرەوە لە لقی ٣٩یە.

موحسن مەزڵوووم خەڵكی مەهاباد، هەژیر(محەممەد) فەرامەرزی خەڵكی دێولان سەر بە شاری سنە، وەفا ئازەربار خەڵكی بۆکان و پژمان فاتحی خەڵکی کامێران، ڕۆژی یەکی گەلاێژی ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئیسلامییەوە لە گوندی "یەنگیجە" سەر بە ناوچەی سۆمای ورمێ دەسبەسەر کران. لە ماوەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوودا، بنەماڵەکانیان سەبارەت بە شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی منداڵەکانیان هیچ زانیارییەکیان نەبووە و ئەم زیندانییانە لە هەموو ئەم ماوەیەدا لە دەسپیڕاگەیشتن بە پارێزەر، پێوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون.

کۆماری ئیسلامی دوو جار و لە مانگەکانی ڕەزبەر و سەرماوەزی ١٤٠١دا، ڤیدیۆی دانپێدانای زۆرەملێی ئەم زیندانییە سیاسییانەی بڵاو کردەوە.