کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کچێکی کورد بەهۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ، ٧٤ قامچیی لێ درا

18:01 - 17 بەفرانبار 2723

سزای ٧٤ قامچیی ڕۆیا حێشمەتی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە و دانیشتووی تاران کە بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ بەسەریدا سەپابوو، لە لقی یەکی جێبەجێکاری سزاکانی دادسەرای ناوچەی ٧ی تاران جێبەجێ کرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٣ی بەفرانبار، حوکمی قامچیی ئەم کچە کوردە پاش بانگهێشتکرانی بۆ لقی یەکی جێبەجێکاری سزاکانی دادسەرای ناوچەی ٧ی تاران، جێبەجێ کراوە.

ڕۆیا حێشمەتی، بە هۆی بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆی بە بێ ڕەچاوکردنی حیجابی زۆرەملێ لە بلواری کشاوەرزی تاران لە بەهاری ١٤٠٢دا دەسبەسەر و دواتر بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم"، بە یەک ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو و سێ ساڵ قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە و لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کرا.

ڕۆیا حێشمەتی لە فەیسبووکی خۆیدا، شێوازی جێبەجێکرانی سزاکەی گێڕاوەتەوە و لە بەشێکدا نووسیویەتی: دادوەر وتی ئێمە خۆشمان خۆشحاڵ نین بەم شتە، بەڵام سزایە و دەبێ جێبەجێ بکرێ. وڵامم نەدایەوە. وتی ئەگەر ئەتەوێ بە شێوازێکی دیکە بژیت، دەتوانی لە وڵات بچیت. وتم ئەم وڵاتە بۆ هەموومانە. وتی بەڵێ بەڵام دەبێ یاسا ڕەچاو بکەین. وتم یاسا کاری خۆی بکات، ئێمە درێژە بە بەرخۆدانی خۆمان دەدەین.