کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەقینەوەکانی کرمان و ماهییەتی بەتاڵی کۆماری ئیسلامی

00:42 - 18 بەفرانبار 2723

سمایل شەرەفی

کۆماری ئیسلامیی ئێران کە دەرووبەری خۆی پڕ کردوە لە دوژمنی فەڕزی و واقعی و، "دوژمن" یەکێک لە کۆدڕەمزەکانی ڕێبەری ئەم ڕێژیمە بۆ سەرکوتکاری و بەگژداچوونەوەی جیابیران و خەڵکی ناڕازی لەم نیزامەیە، ئێستا لە ڕیزبەندیی دوژمنەکانیشیدا تووشی گرفت بووە. هەر لە یەکەم ساتەکانی تەقینەوەکانی ڕێوڕەسمی ساڵمەرگی قاسمی سولەیمانی لە کرما‌ندا، لە فەرماندەی سپای پاسدرانەوە بگرە تا سەرۆککۆمار و خودی جەنابی خامنەیی، گوتیان هیچ گومانی تێدا نیە کە کاری ئیسرائیل و ئەمریکایە. کەچی ڕۆژێک دواتر، داعش تەقینەوەکانی وەئەستۆ گرت و ڕایگەیاند کە دوو خۆکوژی جیهادی کارەکەیان کردوە. وەک بڵێی کاربەدەستانی ڕێژیم زۆریان پێ ناخۆش بێت کە داعش تەقینەوەکانی گرتبێتە ئەستۆ، دەستبەجێ وەزارەتی ئیتڵاعات و سپای پاسداران لە دوو ڕاگەیاندراوی جیادا، گوتیانەوە کە "سرویسە سیخوڕییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بە بەکارهێنانی داعش" تەقینەوەکانیان ئەنجام داوە.

دوو ڕۆژ دواتر کە هێندێک مۆرەی دیکەی وەک؛ کچی قاسمی سولەیمانی، عەلەمولهودای نوێنەری خامنەیی لە مەشهەد. حەسەن خومەینی نەوەی خومەینی و زۆرێک لە جەنابانی دیکە لەو بارەوە قسەیان کرد، گومانی ئەوەیکە تەقینەوەکان کاری خودی دەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم بێت، زیاتر پەرەی سەند.

کچی قاسمی سولەیمانی غایببوونی خۆی لە ڕێوڕەسمەکە خستە ئەستۆی باوکی و گوتی کە "حاج قاسم" هاتۆتە خەوی و پێی گوتووە "پێویست ناکات ئەمساڵ بێیە سەر قەبری من"! نەوەی خومەینی گوتی – یان وا باشتروایە بڵێین پێیان ڕاسپاردبوو بڵی– کە ئەو خوێنانەی لە کرمان ڕژان، دەبنە هۆی ئاسایش و ئەمنیەتی وڵات و یەکگرتوویی لەنێو کۆمەڵگەدا زیاتر دەکەن!! دواتر خودی میدیاکانی ڕێژیم بڵاویان کردوە کە زۆربەی ئەوانەی لە ئاکامی تەقینەوەکانی کرماندا کوژراون، منداڵە مەدرەسەیین و بەبێ ‌ئەوەی باوک و دایکیان ئاگادار کرابێتنەوە لە قوتابخانەوە بۆ بەشداریی ڕێورەسمەکە هێندراون.

کۆماری ئیسلامی ئێران کە ٤٤ ساڵە بە دوژمن‌سازی، هەوڵی ئەوەیە تاوانی هەموو شکست و بێ‌تواناییەکی خۆی لە بوارە جیاجیاکانی ئابووری، سیاسی و ئەمنیەتی بخاتە ئەستۆی یەکێک لەو دوژمنانەی کە خۆی بۆ وەها ڕۆژێکی ساز کردوون، لەمەیاندا بەتەواوەتی تێدا ماوەتەوە. خەڵک چیدیکە باوەڕ بە درۆی کاربەدەستانی ڕێژیم ناکەن و بۆیان دەرکەوتوە کە ئەم دەسەڵاتە زۆر لەوە جینایەتکارترە کە گیان و ماڵی خەڵکی بۆ گرینگ بێت. لە ڕەوتی خستنەخوارەوەی هەواپەیما ئۆکراینییەکەدا بۆ داپۆشینی بێ‌تواناییەکانی خۆی بەرانبەر بەو دوژمنانەی کە ٤٤ ساڵە "مرگ بر"یان بۆ دەنێرێ، دەرکەوت کە ئەم ڕێژیمە چەندە بەلایەوە ئاسانە بۆ خۆدزینەوە لە بێ‌توانایی لە بەجێگەیاندنی درووشمی "انتقام سخت" و بەلاڕێدابردنی بیروڕای خەڵک، ١٧٠ کەس لە خەڵکی وڵات بکاتە قوربانی. هەروەها لە ڕوتی شۆڕشی ژینادا هەموو لایەک دیتیان کە ژوورە پیلانگێڕییەکانی سپا و ناوەندە ئەمنییەتییەکان چۆن بە کۆدی "تجزیەطلبی" و تاوانبارکردنی شۆرشگێڕانی سەر شەقامەکان بە دەستوپێوەندی "استکبار جهانی"، شۆڕشی هێمنانەی خەڵکی ئێران و کوردستانیان خەڵتانی خوێن کرد.

چڕبوونەوەی بیروڕای گشتیی خەڵک لەسەر پەرەسەندنی ئەگەری ئەوەیکە تەقینەوەکان سیناریوی خودی ڕێژیم بن و هەروەها ڕەخنەی بەشێک لە چالاکانی سیاسیی جیابیر لە نێوخۆی وڵات لەسەر بۆشایی ئەمنیەتیی لە وڵات، کاربەدەستانی ڕێژیمی ناچار بە پاساوهێنانەوە و ژێستی بەرگریکارانە کرد. بۆیە ڕۆژێک دوای کۆبوونەوەی تایبەتی "شوڕای ئەمنیەتی میللی"ی ڕێژیم لە سەر تەقینەوەکانی کرمان، لێدوانی کاربەدەستانی سیاسی و ئەمنیەتی کەوتە فازێکی دیکەوە. ناوەندە ئەمنیەتییەکان کە وەزیفەیان لەسەر پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتیان لە مێژە لەژێر عەلامەتی پرسیاردایە، بە خۆهەڵکیشان و درۆکردن دەیانهەوێ وا بنوێنن کە ئەوەی لە کرمان ڕووی داوە، بەشێکی چووکە لە پیلانێکی گەورەترە کە توانیویانە پووچەڵی بکەنەوە. لەم پێوەندییەدا ڕێکخراوی قەزایی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە کرمان ڕایگەیاند؛ دوژمن پلانی بۆ تەقاندنەوەی ٦٤ بۆمب لە سەرانسەری وڵاتدا هەبووە کە پوچەڵ کراونەتەوە و بەڕێوەبەرانیان دەستبەسەر کراون. لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی ئیتڵاعات ڕایگەیاند کە ئەوانەی تەقینەوەکەی کرمانیان بەڕێوە بردووە لە شەش پارێزگای ئێرانەوە ساپۆرت و هاوکاری کراون و ١١ کەس لە هاوکارەکانیان دەستبەسەر کراون.

ئەم لێدوان و فڕوفیشاڵانەی کاربەدەستە دەوڵەتی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم کە بەرهەمی جۆری مودیرییەتی تەقینەوەکانی کرمان لە لایەن شوڕای ئەمنیەتی میللییەوەیە، بەشێکی بۆ پاساوهێنانەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیەتییەیە کە لە کرماندا بەڕوونی خۆی دەرخست و بەشێکیشی بۆ ترساندنی خەڵک لە هەڕەشەیەکی خەیاڵییە کە گوایا ئەگەر هێزە ئەمنییەتییەکان نەتوانن کۆنترۆڵی بکەن، زیانی بۆ خەڵک و وڵات دەبێت.

گومانی تێدا نییە کە تەنانەت خودی کاربەدەستانی ڕێژیم و ناوەندە باڵا و بڕیاربەدەستەکانی وەک شورای ئەمنیەتی میللی کە ڕاستەوخۆ لە لایەن خامنەییەوە چاودێری دەکرێ، تێگەیشتوون کە خەڵک هەستی بەم سیناریۆسازییانە کردوە و، دەشزانن کە خەڵک گاڵتەیان بە ئیدیعای "انتقام سخت"ی کاربەدەستانی ڕێژیم دێت. بۆیە هەم شوڕای ئەمنیەتی میللی و هەم بەیتی عەلی خامنەیی و بەگشتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کە ئیدیعای "انتقام سخت" نەک لەسەر دوژمنانی جۆراوجۆری سازکراویان، لەسەر خەڵکی وڵات هەر جارەو بەجۆرێک تاقی دەکەنەوە، لە بیرو زەینی خەڵکدا دەسەڵاتێکی ڕەشی بەتاڵ لە ماهییەتی ئینسانییە.