کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنە چالاکێکی کورد تۆمەتی "بەغی" درایە پاڵ

11:55 - 21 رێبەندان 2723

لە درێژەی دەسبەسەرکردن و ئەشکەنجەدان و سەپاندنی سزای قورس بەسەر هاووڵاتییاندا، وریشە مورادی (جوانا سنە)، ژنە چالاکی کورد، لەلایەن لقی ٥ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیمەوە لە تاران تۆمەتی "بەغی" درایە پاڵ و لەمبارەوە ڕوونکردنەوەی پێ درا، تۆمەتێک کە ئەتوانێ دەرکرانی سزای قورسی بەدواوە بێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕیکخراوەی مافی مرۆیی ''کوردپا''، ئەم ژنە چالاکە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا دوو جار بانگی لقی ٥ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە تاران کراوە و تۆمەتی "بەغی"، لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیمی ئێرانی دراوەتە پاڵ.

ڕۆژی سێشەممە، ٥ی بەفرانبار، وریشە مورادی پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەی لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینەوە، ڕەوانەی بەندی ژنانی ئەم زیندانە کرا.

دۆسییەی جوانا سنە پاش دەرکرانی بەڵگەی دادستانی، ڕادەستی لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەڵواتی" کراوە.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەم چالاکە کوردە تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و تەنیا یەک جار چاوی بە بنەماڵەکەی کەوتووە.

وریشە مورادی پاش دەسبەسەرکران، ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو و پاش دوو حەفتە لێپرسینەوە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین کرابوو.