کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستا محەممەد خزرنژاد حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا

11:50 - 22 رێبەندان 2723

مامۆستا محەممەد خزرنژاد لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری ورمێوە بە لەسێدارەدران و ١٦ ساڵ بەندکران سزا درا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردستان، مامۆستا محەممەد خزرنژاد، تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان، کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی ڕێژیم لە ورمێ سزای لەسێدارەدران و ١٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

ئەم مامۆستا ئایینییە کوردە لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە بە تۆمەتی "افساد فی‌الارض"، هەوڵدان دژ بە ئەمنییەتی نەتەوەیی لە ڕێگەی زیانگەیاندن بە یەکپارچەیی یان سەربەخۆیی وڵات و پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم، تۆمەتبار کراوە.

دادگا بە پشتبەستن بە دانپێدانانی زۆرەملێ لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە، پێوەندی لەگەڵ گرووپە توندئاژۆ مەزهەبییەکان، لیدری لە ناڕەزایەتییەکانی بۆکان و زیانگەیاندن بە شوێنە گشتییەکانی، نموونەیەک لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم مامۆستا کوردە ناو بردووە.

دوایین کۆبوونەوەی دادگاییکرانی ئەم مامۆستا ئایینییە کوردە لە خەزەڵوەری ئەمساڵدا بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس و بە بێ دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر لە لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ بەڕێوە چوو و پاش چوار دانیشتنی کورتی دادگا، دادگاکە ناوبراوی بە لەسێدارەدران و ١٦ ساڵ بەندکران سزا دا.

مامۆستا محەممەد خزرنژاد بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ بۆ ماوەی ٣ مانگ و نیو لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری ورمێ تووشی توندترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی کرابوو.

ئەم مامۆستا ئایینییە کوردە لە ٢٨ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠١، پاش پێشکەشکردنی وتار و ڕەخنەی توند لە ڕێژیم بەهۆی سەرکوتکردنی دڕندانەی ناڕەزایەتییەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە، لەگەڵ کوڕەکەی بە ناوی یاسر خزرنژاد دەسبەسەر کرا.