کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی خەبەری/ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی بەرینی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

12:15 - 23 رێبەندان 2723

ڕاگەیەندراوی خەبەری

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی بەرینی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

 

لە تازەترین کۆبوونەوی بەرینی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا وێڕای پێداگری لەسەر پێویستیی یەکدەنگی و یەکڕیزیی پتری حیزب و هێزە سیاسییەکانی کوردستان و هاوکاریی بەکردەوەی ئۆپۆزیسیۆن بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی، باس لەوە کرا کە بەچۆکداهێنانی کۆماری ئیسلامی و دروست‌کردنی ئێرانێکی سەقامگیر لە داهاتوودا، لەگرەوی دابەشبوونی دێموکراتیکی دەسەڵات و وەدیهاتنی ئازادی، بەرانبەری و مافی ڕەوای هەموو پێکهاتەکانی ئەم وڵاتەدایە.

ئەو کۆبوونەوەیەی ڕێبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە بەشداریی زۆربەی نیزیک بە تەواوی ئەندامانی ڕێبەریی حیزب بۆ باس و لێکدانەوەی بارودۆخی سیاسیی ئێران و بزووتنەوەی مافخوازانەی کورد لە کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو. کۆبوونەوەکە بە ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد و، دواتر کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی سیاسیی ناوەندیی بەڕێوەبەریی حیزبی لەهەمبەر دوا ئاڵوگۆرەکانی ناوچە، ئێران و کوردستان پێشکێش کرد. پاشان لێکدانەوەی سیاسیی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب لەلایەن ئەندامانی ڕێبەریی حیزبەوە خرایە بەر باس و شرۆڤە و بە ڕەخنە و سەرنج و پێشنیار دەوڵەمەند کرا و ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب بۆ کۆمەڵە ئەرکێکی تایبەت ڕاسپێردرا.

کۆبوونەوەی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات بە ئاماژە بە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی چەند مانگی ڕابردوو لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە بە پەلاماری حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل و کاردانەوەی هەرەتوندی ئەم وڵاتە لە کەرتی غەززە دەستی پێ کرد و ئێستا بە دەستێوەردانی میلیشیاکان و هێرشی ئەو هێزە نیابەتییانە بۆ سەر ئیسڕائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچە تەشەنەی سەندوە؛ کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە هۆکاری سەرەکیی قوڵبوونەوەی قەیرانەکان و ناسەقامگیریی سیاسی و ئەمنییەتی لە ناوچەکە زانی. کۆبوونەوەکە تیشکی خستەسەر ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران نە ئەو کاولکاری و وێرانییانەی لە غەززە دەقەومێن بۆی گرینگە و نە ئەو خەڵکە مەدەنی و بێتاوانەی خەڵتانی خوێن دەکرێن، بەڵکوو ئەوەی بۆ کۆماری ئیسلامی گرینگە دروستکردنی قەیرانی سیاسی و ئەمنییەتییە لە ناوچە لەپێناو مانەوەی خۆیدا و بۆ تێپەڕین لە قەیرانە نێوخۆییەکانی وڵات کە تەنگەیان پێ هەڵچنیوە.

کۆبوونەوەی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرنجدان بە هاتنەوەی ٢٢ی ڕێبەندان و تێپەڕینی ٤٥ ساڵ بە سەر دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیدا تیشکی خستەسەر ئەوەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا خوازیاری دێموکراسی، کرانەوەی سیاسی و دابینکردنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی بوون و بۆ ئەوە شۆڕشیان کرد هەتا کۆتایی بە ئیستبدادی سیاسی بێنن و دەستەبەری ئازادی و مافە مەدەنی و دێموکراتیکەکانیان بکەن. بەڵام دوای ٤٥ ساڵ بەکردەوە تەنیا جێگەی "شاهەنشا" و "وەلیی فەقیهـ" گۆڕاوە و لەسۆنگەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە چەند قات بەرەوڕووی قەیران‌گەلی هەژاری، بێکاری، بێ‌مافی و سەرکوتی ویست و داخوازە بنەڕەتییەکانیان بوونەتەوە. قەیران و خەسارە کۆمەڵایەتییە دەیان ساڵەکان لە کاتێکدا لەسەر یەک کەڵەکە بوون کە کۆماری ئیسلامی لەبری گەڕانەوە بۆ خەڵک و لاکردنەوە لە پرس و داواکانیان هەتا ئێستا سەدان میلیارد دۆلار لە سامانی گشتیی وڵاتی بۆ سیاسەتی قەیرانخوڵقێنی لە ناوچە، تەیارکردنی میلیشیای جۆراوجۆر بۆ شەڕی نیابەتی و ئیدئۆلۆژی و هەژمۆنیی سیاسیی خۆی خەرج کردوە. بۆیە لە دەسپێکی ٤٦ ساڵەی تەمەنیدا لە کۆمەڵگەی جیهانیدا بە گەورەترین وڵاتی سپۆنسەری تێرۆریزمی دەوڵەتی و هۆکاری ناسەقامگیی ناوچەیی و جیهانی دەناسرێ و لە نێوخۆی وڵاتیشدا کەمترین شەرعییەتی سیاسیی هەیە و تەنیا بە زەبری چەک و سەرکوت توانیویەتی دەسەڵات و هەیمەنەی حوکمڕانییەکەی بپارێزێت.

کۆبوونەوەی ڕێبەریی حیزب لە بەشێکی دیکەی بەرنامەی کاریی خۆیدا بە سەرنجدان بە بەڕێوەچوونی خولی نوێی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەری لە ڕەشەمەی ئەمساڵدا ڕای وابوو ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی یەک دەیەی ڕابردوو بەتایبەت لە دوای شۆڕشی ژینا (ژن، ژیان، ئازادی)ییەوە خەڵک بە تەواوی چارەنووسی خۆیان لەگەڵ یەکلا کردووەتەوە و بەڕێوەبردنی شانۆی هەڵبژاردنەکان نەک هەر ناتوانێ نیشاندەری ئاساییبوونی دۆخی وڵات بێت و شەرعییەتی نەبوو بەو ڕێژیمە سەرکوتگەر و ماف‌پێشێلکەرە ناداتەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەکرێتە دەرفەتێکی دی لە خەباتی مافخوازانەی گەلانی ئێران و "نا"گوتنێکی دیکە بەو ڕێژیمە.

بەرزنرخاندنی خەباتی مەدەنی و وشیاری و پێگەیشتوویی کۆمەڵگەی کوردستان کە لە دوو مانگی ڕابردوودا لە سێ بۆنەی جۆراوجۆردا بە باشترین شێوە خۆی دەرخستەوە، پێویستیی یەکخستنی هێز و وزەی خەباتگێڕیی کورد لە ئێران، بەهێزبوونی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی و زەروورەتی یەکگرتوویی و هاوکاریی بەکردەوەی ئۆپۆزیسیۆن بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی چەند تەوەرێکی دیکەی باسە سیاسی و تەشکیلاتییەکانی کۆبوونەوەی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون.

کۆبوونەوەی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش خستنە بەر باسی کۆمەڵە بابەتێکی نێوخۆیی و دەروون‌تەشکیلاتی و وەرگرتنی بڕیار لەسەریان کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەری