کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سزادرانی ٧ کەس لە بەندکراوانی سەقز

18:18 - 24 رێبەندان 2723

٧ کەس لە دەسبەسەرکراوانی سەقز بە ناوەکانی هیوا جەهانی، شێرکۆحیجازی، هیوا تاتایی، سەفا عائێلی، محەممەدئازاد ئەمینی، سەمیرا ئەحمەدی و ئومید موقەدەس، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلای سەقزەوە سزا دران.

بەپێێ ڕاپۆرتی کوردپا، سەفا عائێلی بە تۆمەتەکانی "بەشداری لە کۆبوونەوە بەمەبەستی تێکدانی ئەمنییەتیی نێوخۆیی"، بە سێ ساڵ و ٦ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران، "چالاکیی تەبلیغی دژی رێژیم بە ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران و "بێڕێزی بە ڕێبەری رێژیم" بە ١٥ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری سزا دراوە کە زۆرترین سزا بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشووی بۆ جێبەجێ دەکرێ و بۆ ماوەی دوو ساڵ ئیزنی چوونەدەرەوە لە ئێرانی نییە.

هیوا جەهانی بە تۆمەتی "بەشداری لە کۆبوونەوە دژی ئەمنیەتیی نێوخۆیی" بە دوو ساڵ بەندکرانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو سزا دراوە و دادگا، سزاکەی بە پێبژاردنی ٢٥ میلیۆن تمەن سزای نەختی گۆڕیوە.

سەمیرا ئەحمەدی بە تۆمەتی "بەشداری لە کۆبوونەوە دژی ئەمنییەتی نێوخۆیی" بە سێ ساڵ بەندکرانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو سزا دراوە و بۆ ماوەی دوو ساڵ چونەدەرەوەی ناوبراو لە ئێرانی لێ قەدەغە کراوە.

محەممەدئازاد ئەمینی بە تۆمەتی "بەشداری لە کۆبوونەوە دژی ئەمنییەتی نێوخۆیی" بە سێ ساڵ بەندکرانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشووی سزا دراوە.

هیوا تاتایی بە تۆمەتی "بەشداری لە کۆبوونەوە دژی ئەمنییەتی نێوخۆیی" بە سێ ساڵ بەندکرانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو سزا دراوە و دادگا بۆ ماوەی دوو ساڵ چونەدەرەوەی ناوبراو لە ئێرانی قەدەغە کردووە.

ئومید موقەدەس، بە تۆمەتی "بەشداری لە کۆبوونەوە دژی ئەمنییەتی نێوخۆیی" بە دوو ساڵ بەندکرانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو سزا دراوە و دادگا، سزاکەی بۆ پێبژاردنی ٣٥ میلیۆن تمەن پارە گۆڕیوە.

شێرکۆ حیجازی بە تۆمەتەکانی "بەشداری لە کۆبوونەوە دژی ئەمنییەتی نێوخۆیی" بە سێ ساڵ و ٦ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری و "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی رێژیم" بە سێ ساڵ و یەک مانگ و ١٦ ڕۆژ سزای تەعزیری سزا دراوە و ، زۆرترین سزا بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو بۆ ناوبراو جێبەجێ دەکرێ و بۆ ماوەی دوو ساڵ چوونەدەرەوەی لە ئێران قەدەغە کراوە.

سەفا عائێلی و شێرکۆ حیجازی جیا لە تێپەڕاندنی خولێکی فێرکاری، دەبێ سێ خولی تەربییەتی و ئەخلاقی و بەتایبەت مەزهەبی تێپەڕینن. ئەم دوو کەسە بە نووسینەوەی ژیاننامەی یەکێک لە هێزەکانی ڕێژیم کە لە نارەزایەتییەکانی ١٤٠١دا کوژراوە سزا دراون.

ئەم هاووڵاتییە لە خەرمانانی ساڵی ١٤٠٢ لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینیدا دەسبەسەر کران و پاش تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.