کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی پارتی سۆسیال دێموکراتی سویس

11:49 - 28 رێبەندان 2723

لە دوو حەفتەی ڕابردوودا، چەند هەیئەتی کۆمیتەی سویسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سویس، ژمارەیەک دیدار و چاوپێکەوتنیان پێک هێنا.

نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکان لە وڵاتی سویس بە بەشداریی هەیئەتەکانی کۆمیتەکانی سویسی حیزب لە شارەکانی بێرن، لۆزان، زوریخ و بازڵ لە ڕۆژانی یەک، ٥، ١٢ و ١٤ی مانگی فێوریەی ٢٠٢٤دا بەشدارییان لە سێمینار و کۆبوونەوەکانی پارتی سۆسیال دێموکراتی سویس کرد.

هێژا مەنگوڕ بەرپرسی بەشی پێوەندییە بیانییەکانی حیزب لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، کە ئەو کۆبوونەوانە بەرهەمی پێوەندیی باشی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ پارتی سۆسیال دێموکراتی سویسن کە دووهەم حیزبی دەسەڵاتداری سویسە و ئەو کۆبوونەوانە لەسەر بانگهێشتی پارتی سۆسیال دێموکرات ڕێک خراون.

لەو کۆبوونەوانەدا باس لەم بابەتانە کراوە:

بارودۆخی کورد لە ئێران بەتایبەت دوای شۆڕشی ژینا، ڕۆڵ و کاریگەری و پێگەی حیزبی دێموکرات لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان،  ژیان و گوزەرانی ڕەوەندی کورد لە تاراوگە و تێکەڵاویی کولتووری و زیاتر پێکەوە کارکردن و بەردەوامیی دیدار و چاوپێکەوتنەکان و هەندێک بابەتی دیکەی پێوەندیدار بە سویس.

ئەو بەرپرسانەی کە لەگەڵ نوێنەرانی حیزب چاوپێکەوتنیان کردووە بریتین لە: 

فلاویا واسێر فالێن، ڕاوێژکاری کانتۆنی بێرن، پیێر میلارد ڕاوێژکاری کانتۆنی لۆزان، ماتێا مێ یێر ئەندام پارلمانی سویس و جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیال دێموکراتی سویس، سامیرا مارتی نوێنەری پارلمان و ئەندامی فراکسیۆنی سۆسیال دێموکرات لە پارلمانی سویس و فابیان مۆلینا ئەندامی کۆمسیۆنی پێوەندییە دەرەکییەکان لە پارلمانی سویس و دۆستی نزیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.