کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەحکوومکردنی سزای داسەپاوی سێدارە بۆ مامۆستا محەممەد خزرنژاد لەلایەن ٢٣٥ مامۆستا و زانای ئایینییەوە

11:16 - 29 رێبەندان 2723

دوابەدوای سزادرانی مامۆستا محەممەد خزرنژاد، مامۆستای ئایینیی خەڵکی بۆکان بە لەسێدارەدان و ١٦ ساڵ بەندکران، ژمارەیەک لە مامۆستایان و زانایانی ئایینی بەرانبەر بەم سزایە ناڕەزایەتییان دەربڕی.

٢٣٥ کەس لە مامۆستایان و زانایانی ئایینیی سوننە مەزهەبی کوردستان، لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکایەتیی هێزی بەناو دادوەری ڕێژیمی ئێران و بەرپرسانی ئەمنییەتی، وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەندامەتیی مامۆستا محەممەد خزرنژاد لە گرووپە توندئاژۆکان ڕایانگەیاند کە ڕەوتی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی مامۆستا محەممەد نادادپەرواەرانە بووە و دژایەتیی لەگەڵ یاساکانی خودی رێژیم بووە و ڕەوتی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەی دەبێ لە دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینی بەڕێوە بچێ.

مامۆستا محەممەد خزرنژاد، مامۆستای ئایینیی خەڵکی بۆکان لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە افساد فی‌الارض و هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی تۆمەتبار کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، دادگا بە پشتبەستن بە دانپێدانانی زۆرەملێ لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە، پێوەندی لەگەڵ گرووپە توندئاژۆ مەزهەبییەکان، لیدری لە ناڕەزایەتییەکانی بۆکان و زیانگەیاندن بە شوێنە گشتییەکانی نموونەیەک لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم مامۆستا کوردە ناو بردووە.

ئاخرین کۆبوونەوەی دادگاییکرانی ئەم مامۆستا ئایینییە کوردە لە خەزەڵوەری ئەمساڵدا بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس و بە بێ دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر لە لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ بەڕێوە چوو و پاش چوار دانیشتنی کورتی دادگا، دادگاکە ناوبراوی بە لەسێدارەدران و ١٦ ساڵ بەندکران سزا دا.

ئەم مامۆستا کوردە لە ماوەی سێ مانگ و نیو لە ژووری تاکەکەسیی گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ بەتوندی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراوە.

مامۆستا محەممەد خزرنژاد، لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا بە بەشداری لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن و پرسەی گیانلەدەستداوان وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییان، خوازیاری ڕاگرتنی کوشتاری هاووڵاتییانی مەدەنی بووە و ڕایگەیاندبوو کە لە جیاتی بەکارهێنانی سەرکوت بیر لە ڕێکاری لۆژیکی و چارەسەری کێشەکان بکەنەوە، هەموو دەزانین کە توندوتیژی و کوشتار بە هێچ کوێ ناگات.