کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئوتریش/ بەشداریی نوێنەری حیزب لە سێمینارێکی حیزبی سۆسیال دێموکرات

16:33 - 29 رێبەندان 2723

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی ڕێبەندان ( ١٥ فێوریەی ٢٠٢٤)، بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئوتریش، بەشداریی لە سێمینارێکی حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئەم وڵاتە کرد کە بە مەبەستی باسکردن لەسەر "شەڕی ئازادیخوازانەیسۆ دیمۆکراتەکان بە دژی فاشیستەکان بەر لە نەوەد ساڵ" لەلایەن حیزبی ناوبراوەوە ڕێک خرابوو.

محەممەد فەقێ‌عەلی بەرپرسی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئوتریش لەسەر بانگهێشتی فەرمیی حیزبی سۆسیال دیمۆکراتی ئوتریش لەو سیمینارەدا بەشدار بوو.

دوکتور ڤۆلفگانگ مادەرتانەر مێژووزان و مێژوونووسی بەناوبانگی ئوتریشی وەک بەڕێوەبەری سێمینارەکە لەسەر ئەو ڕووداوە مێژووییەی وڵاتی ئوتریش واتا "شەڕی ئازادیخوزانەی سۆسیال دێموکراتەکان دژی فاشیستەکان بەر لە نەوە دساڵ" قسەی کرد و پاشان لە باسێکی ئازاددا بەشداران کە بەشی هەرەزۆریان ئەندامانی خاوەن پلە و پایەی حیزبی سۆسیال دیمۆکرات و کەسانی ئاکادێمیک و چالاکی سیاسی بوون، بەشدارییان لە باسەکاندا کرد.

محەممەد فەقێ‌عەلی لە بەشی باسی ئازاددا، ئاماژەی بەوە کرد کە کورد، دەیان ساڵە بە دەست فاشیتبوونی حکوومەتەکانی زاڵ بە سەر نیشتیمانەکەیدا ناچار بە بەربەرەکانێ کراوە و ئەو بەربەرەکانێیە ئازادیخوازانەیە بووە کە نەتەوەی کوردی بە زیندووی هێشتووەتەوە و ڕێژیمی فاشیستی کۆماری ئیسلامی لە ئێران و بەتایبەت لە کوردستان ئەو بەرنامە فاشیستییانەی نەوەد ساڵی پێش ئێستای ئوتریش بەڕێوە دەبات.

نوێنەری حیزب لە کۆتاییدا توانیی ڕاستەوخۆ لە گەڵ زۆربەی بەشداران بکەوێتە ئاڵوگۆڕی بیروڕا.