کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمینارێکی تەشکیلاتی بۆ کاک خالید عەزیزی لە وڵاتی سوید

12:31 - 30 رێبەندان 2723

ڕۆژی شەممە، ٢٨ی ڕێبەندان (١٧ی فێوریەی ٢٠٢٤)، سێمینارێکی تەشکیلاتی بۆ کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکرات و بە بەشداریی ئەندامانی هەیئەتی بەڕێوەبەری دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری وێسترۆسی وڵاتی سوید بەڕێوە چوو.

سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کودستانی ئێران، لەم سێمینارەدا هەڵوێست و ڕوانگەکانی حیزبی دێموکراتی لە پێوەندی لەگەڵ ئاڵوگۆڕەکانی کوردستان و ناوچەکە و جیهان و پێگەی حیزبی دێموکرات لەو ئاڵوگۆڕانەدا شی کردەوە.

کاک خالید بە ڕوونی باسی ئەرک و مافەکانی ئەندامانی حیزبی و چۆنییەتیی هەڵوێستگرتنیان لە بەرامبەر ڕووداو و پێشهاتەکان کرد و ڕایگەیاند کە ئەندامی حیزب دەبێ بە هەستکردن بە بەرپرسایەتییەوە کەڵک لە هەموو ئەو دەرفەت و ئیمکاناتانە وەرگرێ کە بە هۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاتۆتە پێش.

بەشێکی دیکەی باسەکەی کاک خالید سەبارەت بە هەلومەرجی ئێستای حیزب و بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستان بوو کە بەڕێزیان بە ئاماژەدان بە شۆڕشی ژینا و دەسکەوتەکانی، باسی لە سیاسەتی سەرکوتکارانەی ڕێژیم بەرانبەر بە گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران و بەئامانجگرتنی حیزبەکان و مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزب دێموکرات و ڕێککەوتنی ئەمنییەتیی نێوان ئێران و عێراق کرد. کاک خالید وێڕای جەختکردنەوە لەسەر درێژەدان بە خەباتی نەتەوایەتی لە نێوخۆی وڵات و دەرەوە، ڕایگەیاند کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە پشتبەستن بە ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، قورسایی ئەرک و کارەکانی ڕووی لە نێوخۆی وڵات و شەقامەکانی کوردستانە.

دوای باسەکەی وتەبێژی حیزب نۆرە گەیشتە ئەندامانی بەشدار تا پرسیار و تێبینییەکانی خۆیان لە پێوەندی لەگەڵ باسەکەی کاک خالیددا بێننە گۆڕێ. لەو بەشەدا ئەندامانی حیزب چالاکانە بەشدارییان کرد و زۆر ڕاشکاوانە لە هەموو بوارێکی پەیوەندیدار بە حیزب و جووڵانەوە پرسیاریان کرد و ڕەخنە و تێبینییەکانی خۆیان خستنە ڕوو.

لە بەشی کۆتایی سێمینارەکەدا وتەبێژی حیزب وڵامی پرسیاری بەشدارانی دایەوە.