کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکێک لە بریندارانی ناڕەزایەتییەکانی ٩٨، چارەنووسی ناڕوونە

16:55 - 14 رێبەندان 2723

سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی مەتین حەسەنی، لە بریندارانی ناڕەزایەتییەکانی ٩٨، هیچ زانیارییەک لە شوێنی دەسبەسەرکران و چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، سۆران مەنسوورنیا، برای بورهان مەنسوورنیا لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ٩٨، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە لاپەڕەی ئیکسی خۆیدا نووسیویەتی: لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا، بنەماڵەی مەتین حەسەنی سەردانی هەموو ناوەندە ئەمنییەتییەکانی رێژیم لە بۆکان و ورمێیان کردووە، بەڵام وڵامێکی ڕوونیان وەرنەگرتووە و ڕوون نییە کە لە کوێ ڕاگیراوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، مەتین حەسەنی، لە بریندارانی ناڕەزایەتییەکانی ٩٨، لە بۆکان، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

٨ کەس لە هێزەکانی رێژیم بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەریان کردووە.

مەتین حەسەنی  لە سەرەتای شۆرشی ژیناوە پشتیوانیی لە خەڵک، بنەماڵەی شەهیدان و بریندارانی ناڕەزایەتییەکان کردووە و چەندین جار هەڕەشەی لێ کراوە و بانگ کراوە.

مەتین حەسەنی لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا، لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە شاری بۆکان، چاوێکی لەدەست دابوو.