کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمینارێکی تەشکیلاتی بۆ کاک خالید عەزیزی لە وڵاتی نۆروێژ

12:21 - 1 رەشەمه 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٩ی ڕێبەندان(١٨ی فێوریەی ٢٠٢٤)، سێمینارێکی تەشکیلاتی بۆ کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکرات و بە بەشداریی ئەندامانی هەیئەتی بەڕێوەبەریی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو.

سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

عەباس نامی بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ کاری سێمینار و ئامانج لەو کۆبوونەوە تەشکیلاتییەی بۆ بەشداربووان شی کردەوە.

کاک خالید عەزیزی وتەبێژی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران باسێکی سیاسی و تەشکیلاتیی گشتگیری پێشكەش كرد و تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک خاڵی گرینگ و جەوهەری کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە خەباتی سیاسی و دیپلۆماسیی حیزبەوە هەیە.

کاک خالید لە درێژەی قسەکانیدا وێڕای هەڵسەنگاندنی بارودۆخی گشتیی حیزب و ئاماژەدان بە ئەرک و بەرپرسایەتیی سیاسی و تەشکیلاتی ئەندامانی حیزب لە دەرەوەی وڵات، داوای کرد بە کەڵکوەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پێوەندییان لەگەڵ نێوخۆی وڵات کار لەسەر گەیاندنی سیاسەت و هەڵوێست و بۆچوونەکانی حیزب بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و گەلانی دیکەی ئێران بکەن.

بەڕێز عەزیزی بەوردی شەنوکەوی ڕووداوە سیاسییە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان و بارودۆخی سیاسیی حیزبی دێمۆکراتی کرد و باسی لەو گوشارە سیاسی و ئەمنیەتییانە کرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر حیزبەکان و بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی هێناوە و وتی ئەم گوشارانە نیشانەی زیندوویەتیی خەباتی خەڵکی کوردستان و ڕۆڵ و کاریگەریی حیزبەکان لە نێوخۆی وڵاتە.

کاک خالید عەزیزی باسی ھەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەكانی حیزبی لەگەڵ هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گرینگیی کۆدەنگیی سیاسی و نەتەوەیی لەو بەشەی کوردستانی ھێنایە بەر باس و ئاماژەی بە ھاوكاری و پەیوەندیی ھێزە سیاسییە ئێرانییەكان دا و تیشكی خستە سەر كۆی ئەو باسانەی كە شوێنی بەرچاویان لەسەر بەھێزبوونی خەبات دژی ڕێژیم هەیە و دەبێت و هەر لەم پێوەندییەدا باسی لە زەروورەتی هاوهەڵوێستیی حیزبە سیاسییەکان و بوونی چوارچێوەیەک بۆ کاری هاوبەش و لەهەمان کاتدا ئاستەنگەکانی بەردەم یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان و هەروەها ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کرد.

لە کۆتاییدا بەشداربووان ڕا و تێبینی و سەرنجی خۆیان لەسەر قسەکانی کاک خالید دەربڕی.