کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسەن شەرەفی: هاوڕانەبوونی هێزەکانی ئۆپۆزیسیون و بێ‌کردەوەیی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی هۆکاری سەرنەکەوتنی شۆڕشی ژینا بوون

20:51 - 1 رەشەمه 2723

حەسەن شەرەفی: هاوڕانەبوونی هێزەکانی ئۆپۆزیسیون و بێ‌کردەوەیی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی هۆکاری سەرنەکەوتنی شۆڕشی ژینا بوون

 

 دیمانە: شەهرام سوبحانی

ئاماژە: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامیی ئێران چووە چل‌وشەشەمین ساڵت دەسەڵاتدارەتیی خۆیەوە، دەسەڵاتێک کە کۆمەڵگە و خەڵکی وڵاتی بەتەواوی تووشی بێ‌هیوایی و بێ‌ئەنوایی کردوە. ڕێژیمێکی دیکتاتۆر و سەرکوتگەر لە نێوخۆی وڵات و تێرۆریست و یاخی لە کۆمەڵگەی جیهانیدا کە هەموو خەونەکانی شۆڕشی ١٣٥٧ی مایەپووچ کردەوە و ئەمڕۆکە دەربازبوون و تێپەڕین لەم ڕێژیمە و بووەتە ئامانجی سەرەکیی خەڵکی ئێران. پرسیار ئەوەیە پێشمەرج و ڕێگای سەرەکیی دەربازبوون لە دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی چییە؟ بۆچی کۆمەڵگەی سیاسیی ئێران هەتا ئێستا نەیتوانیوە بە دروستکردنی جێگرەوی کۆماری ئیسلامی کۆتایی بە تەمەنی ئەم ڕێژیمە بێنێ؟ ئەم پرسیارانە و چەند باسێکی دی تەوەری وتووێژێکی "کوردستان" لەگەڵ کاک حەسەن شەرەفی، ئەندامی ناوەندیی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە:

کاک حەسەن با لەپێشدا بپرسم کە جیاوازی نێوان دەسەڵاتێکی سەرەڕۆ و دێمۆکراتیک لە چی دایە؟ خەڵک بۆ دەربازبوون لە دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی پێویستیی بە چ هەنگاوێکە؟

دەسەڵاتی سەرەڕۆ دەسەڵاتێکە بیر لە ئازادی، ماف، ژیان و سڵامەتی کۆمەڵگە ناکاتەوە و هیچ یەک لەوانە نەک بە ئەرکی خۆی نابینێ، بەڵکوو دژ بە مانەوە و درێژەی دەسەڵاتی خۆیی دەزانێ. ڕەوایی خۆیی لە ڕای خەڵک بەرانبەر بەخۆی نابینێ و بەپێچەوانەوە هەموو چین و توێژ و بەگشتی کۆمەڵگە وەک کەرەسەیەک لە خزمەت خۆیدا دەزانێ، خۆیشی لە ئاست هیچ لایەن و ناوەندێکدا بە بەرپرسیار و وەڵامدەر دانانێ. بەڵام دەسەڵاتێکی دێموکراتیک لە ناخی کۆمەڵگە هەڵقوڵاوە و خۆی بەرانبەر بە خەڵکی کۆمەڵگە بە بەرپرسیار و وەڵامدەر دەزانێ و پاراستنی ماف و ئازادییەکانی خەڵک و دابینکردنی ژیانێکی شایان و کۆمەڵگەیەکی سڵامەت بە ئەرکی خۆی دادەنێ و لەپێناویاندا تێ دەکۆشێ.

بەداخەوە لە ئێران دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری بە ئیدئۆلۆژییەک ئەویش لە جۆری دواکەوتووانەی لەسەر کارە و نە ڕێز بۆ خاک و نە بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە دانانێ و سەرچاوەی جیاوازیدانان و هەڵاواردن لەنێوان ژن و پیاو، پێڕەوانی ئایینەکان و ئایینزاکانە و مانەوەی خۆی لە سەرکوت و دەست بەدەم داگرتن و گرتن و ئەشکەنجە و ئێعدامی خەڵکدا دەبینێ و ماکەی کردەوەی تێرۆریستی و ڕەفتاری ناسەردەمیانەیە. کۆمەڵگەی ئێران لەدژی وەها ڕێژیمێکی هار و هەوسارپچڕاو و دژی‌گەلی لە خەبات و تێکۆشان‌دایە و زۆر جاریش بەشێوەیەکی بەرین و یەکگرتووانە لەپێناو نەمانی ئەو ڕێژیمەدا هەنگاوی ناوە کە نموونەی بەرچاوی شۆڕشی ژینا بوو کە لە کوردستان سەری هەڵدا و ئێرانی گرتەوە و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە گەرووی کوردەوە هاوار کرا و، نەک ئێران، بگرە دەنگدانەوەکەی زۆربەی شوێنەکانی جیهانیشی گرتەوە.

بەڵام ئەوە کە بۆ نەیتوانیوە ڕێژیم بڕووخێنێ؟ ئەمە بۆ چەند هۆی بنەڕەتیی دەگەڕیتەوە کە بەکورتی ئاماژەیان پێ دەکەم. شۆڕشەکە سەرەتا هەمەگیر و یەکگرتووانە بوو، بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو قوربانیدانە بەرە بەرە درز لە یەکگرتووییەکەی کەوت. هەر چەند شۆڕشەکە بە نیسبەت بزووتنەوکانی پێشووتر درێژماوەتر بوو، بەڵام ئەوەندە بەردەوام نەبوو کە بە ئاکام بگا کە ئەوەش هۆی تایبەتی خۆی هەبوو، و هاوڕانەبوونی هێزەکانی ئۆپۆزیسیونی ئێرانی و بێ‌کردەوەیی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بەشێوەیەکی شوێندانەر، بەشێک لەو هۆیانە بوون کە نەتوانرێ هەنگاوەکان بە ئاکام بگەن. دیارە سەرکوت و کوشتاری خەڵک و زەبروزەنگی ڕێژیمیش بەشێوەیەکی بەرین لەپەنا ئەمانەدا دەوری خۆی هەبوو.

لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا ڕەوتی پاشایەتیخوازەکان وەک لەمپەر و خنکێنەری شۆڕشەکە دەرکەوتن. کۆمەڵگەی سیاسیی ئێران چۆن دەتوانێ لەوان تێپەڕێ و وەک پێویستە پلان و بەرنامەی بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی هەبێت؟

لایەنگرانی پەهلەوی و بەگشتی سەڵتەنەت‌خوازەکان هەر چەند کەمیش بن بەڵام بەشێکن لە کۆمەڵگەی ئێران و لە چوارچێوەی دێموکراسیدا ئەو مافەیان هەیە داخوازیی خۆیان هەبێت. بەڵام ئەوەی بەکردەوە لەو ماوەیەدا لێیان دیترا ئەوە بوو کە لە بەراوردی دەسەڵاتی پەهلەوی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بە هەڵەچوون کە ڕێژیم لە ئەوان باشتر نەبووە و هەرگیز خۆیان لەگەڵ باشترەکانی جیهان بەراوەرد نەکرد، واتە چونکە خەڵک لە کۆماری ئیسلامی بێزارن کەوابوو حەق و ڕاستی هەر ئەوانن. بەڵێ ئەوان لە گەرمەی شۆڕشی ژینا و یەکگرتوویی خەڵک و کۆمەڵگەدا هەڵوێستی نەشیاو و کردەوەی نادروستی وایان لەخۆیان نیشان دا کە یەکگرتووییەکەیان لە بار برد و دوایە و ئێستاش بۆیان دەرکەوت کە ئەوەی خەونیان بۆ دەدیت وا دەرنەچوو. جیا لە کردەوە بە دروشمیش هێندی لایەن لە کۆمەڵگەی ئێران بەدژ دەزانن و پێ‌بەپێی دژایەتیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دژایەتیی ئەوانیش دەکەن وەک موجاهیدین، حیزب و ڕێکخراوە چەپەکان، نەتەوە زۆرلێکراو و ماف پێشێل‌کراوەکان. بۆیە بەو سیاسەتە نادروست و بەو کردەوە نەشیاوانە وێناچێ بزووتنەوەی گشتی دژبە کۆماری ئیسلامی ئێران نەتوانێ بەسەر ئەو گرفتەدا هەنگاو باوێ. نێوەڕۆکیشیان بە لەبەر چاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە هیچ بەرنامەیەکی ئەوڕۆیی و پێشکەوتووانەیان بۆ داهاتووی ئێران نییە، و تەنیا قسە و ئیدیعایان ئەوەیە کە لە کۆماری ئیسلامی باشترن؟! بەڵام بۆ خەڵک ڕوون و ئاشکرایە بەو زمانە ناسپاسی و بێ حورمەتیانەش کە بە هێندێ لایەنی نزیک بە خۆیشیان دەیکەن نێوەڕۆکیان پتر دەرکەوتوە.

ڕۆژانە دەبیستین کە کۆماری ئیسلامی لە لێواری نەمان‌دایە، بەڵام دەشبینین کە ڕێژیم کۆماری ئیسلامی هەر لە سەر پێیە. ئەو خاڵە بەهێزانەی گەشبینمان دەکا بە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی چین؟

وتەی میدیاکان کە باس لەوە دەکەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە لێواری نەمان‌دایە زیاتر دەربڕین و ئاماژە بە لاوازی و لەرزۆک‌بوونی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە لە بوارە جۆراوجۆرەکانی وەک ناتەبا لەگەڵ ڕۆحی سەردەم داڵدەدەری تێرۆریزم، خراپیی باری ژیانی خەڵک، فشار و ئەشکەنجە و ئێعدام بۆ هەر دەنگێکی ناڕازی و ڕەخنەگر و فەساد و دزی و درۆ و ناڕاستی و هەموو ئەوانە و زۆر بابەت‌گەلی دیکە ڕێگا بۆ دەربڕینی ئەو بۆچوونە دەدەن. بەو حاڵەش وەک ئاماژەت پێدا هەر ماوە و بۆ نەمانی ئەو ڕێژیمە یەکگرتوویەکی بەرینتر، بەردەوامتر و لێک‌نزیکبوونەوەی پتری بۆچوونەکان بەنیسبەت داهاتووی ئێران لەلایەن خەڵک و لایەنە سیاسییەکانەوە دەتوانن شوێندار و کاریگەربن. چونکە ئەگەر هەموو بۆ نەمانی ڕێژیم یەکدەنگ بن و مادام لەسەر داهاتووی ئێرانێکی دێموکراتیک بە مانای واقعی خۆی هاوڕا نەبن، دڕدونگی و نامتمانەیی و لە ئاکامدا نایەکگرتوویی ڕووی دزیوی خۆی نیشان دەدا و ئەوەش یەکێک لە هۆیەکانی مانەوەی ڕێژیم بە هەموو لاوازییەکانییەوەتی. بەم حاڵەش مادام کۆمەڵگە و نەتەوەکانی ئێران سوورن لەسەر نەمانی کۆماری ئیسلامی ئێران و وەک لەمپەرێک لەسەر ڕێگای گەیشتن بە ئازادی و ژیانێکی ئینسانی دەیبینن، گەشبینی هەر هەیە و هەر دەبێ هەش بێت؛ بەڵام درەنگ و زووەکەی بەستراوەتەوە بەو مەرجانەی ئاماژەمان پێدان.

ستراتیژیی "دامەزراندنی ئێرانێکی دێموکراتیکی فیدڕاڵ" وێژمانی سەرەکیی بەشێکی زۆر لە لایەنە سیاسییەکانە، ئایا ئەم دروشم و وێژمانە لەگەڵ ویستی خەڵکی نێوخۆدا یەک دەگەرێتەوە، زیاتر کوردستانم مەبەستە؟

 لەپێشدا با ئەو ڕاستییە بخەمە ڕوو کە بەشی هەرە زۆری لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەشێکی جیانەکراوەن لە کۆمەڵگە و خەڵکی کوردستان و وێژمانیان جیاوازی لەگەڵ خەڵک نییە. دروشمی ئێرانێکی دێموکراتیکی فیدڕاڵ دەستکردی لایەنێک یا چەند لایەنی سیاسی نییە، بەڵکوو لە خواستی خەڵکەوە سەرچاوەی گرتوە. لە شۆڕشی ژیناشدا چ ئەوەی پێوەندی بە ئێرانەوە هەبووە چ بە کوردستان نە دروشمێکی زۆر جیاواز لەوە نەبیستراوە، خۆ ئەگەر ڕۆژێک خەڵک بە هەڵسەنگاندنی قورسایی و دەرەتانی خۆی و پێکهاتنی هەلومەرجی دیکە هەوڵی گۆڕینی ئەو وێژمان و ستراتیژییە بدات، بەدڵنیاییەوە هێزە سیاسییەکانی لەم کاروانەش بەدوا ناکەون.

کۆماری ئیسلامی لەم قۆناغە هەستیارەدا بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتەکەی چ ستراتیژییەکی گرتووەتە بەر و ستراتیژیی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم چییە؟

کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کات کڕین و مانەوەی زیاتر لە دەسەڵات پەنای بۆ زۆر پیلان بردوە. گرتن، کوشتن، بێدەنگ‌کردن، سزادانی چووکەترین دەنگی ڕەخنە، تەنانەت لە ئاستی ناوچەییشدا کڕینی پشتیوانی چەند وڵاتێک بە نرخی هەدەردانی خاک و ئاو و سەرمایەی ماددی و مەعنەویی وڵات، دروستکردنی تاقمە و دەستەی تێرۆریست و خراپکاری لە دەرەوەی سنوورەکان کە بە خراپ کەلک‌وەرگرتن لە هەستی ئایین‌زایی بەشێک لە خەڵک و تەرخانکردنی سامانی وڵات بۆ پڕچەککردن و خۆ تەیارکردن بۆ سەرکوت و... . بەڵام هەبوون ڕێژیم و دەسەڵاتی دیکەی لەو بابەتەش هەر بەو تایبەتمەندییە دڕندانەیەش، کەچی بە خەباتی خەڵکی وڵاتەکەیان بەسەریدا زاڵ بوون و سێبەری وەها ڕێژیمێکیان لەسەر خۆیان لابردوە. خەڵکی ئێران و تایبەتی کوردستانیش چی لەوان کەمتر نییە، بگرە لێبڕاوتر و چاو نەترس تریشن، ڕەنگە نەکرێ یەک یەک و بەجیا لەگەڵ هەر یەک لە پیلانەکانی ڕێژیم خەبات بکرێ بەڵام خەباتی جیددی، یەکگرتووانە لەپێناوی نەمانی ڕێژیم ئاکامەکەی نەمانی هەر پیلان و باسک و دەست و پێوەندییەکی ئەو ڕێژیمەیە.

ساڵانێکە خەڵک بە بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی نای گەورە بە دەسەڵاتدارانی ڕێژیم دەڵێن. ئایا نەبوونی شەرعییەتی سیاسی ڕێژیم توانیوەتی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک فاکتەرێک لەسەر هاوکێشەکان کاریگەریی هەبێت؟

بە شێوەیەکی گشتی ئەو شانۆیانەی بە ناوی هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا بەڕێوە دەچن لە نێوەڕۆکی هەر هەڵبژاردنێکی دێموکراتیک بەتاڵە، بەتایبەت دووپات و چەند پات‌بوونەوەی ئەو شانۆیانە و تەئید و ڕەدکردنەوەی ئەو سەڵاحییەتانەی کە شورای نیگەبان دەیکا و بۆ ئەویش هیچ پێوانەیەک لەگۆڕێدا نییە، زۆربەی هەرە زۆری خەڵک تێگەیشتوون کە ڕێژیم ئامانجی لەو شانۆیانە تەنیا ڕەکێش‌کردنی خەڵک بۆ سەر سەندووقەکان و خۆڕانان بەوەیکە گویا بە جیددی دەگرن و لە سەر چارەنووس شوێندانەرن، بۆیە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو ڕواڵەت‌سازییەی ڕێژیم لەبەرچاو کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، پێویستە ئەمجارە بەتایبەت دوای شۆڕشی ژینا "نا"یەکی توندتر، گەورەتر و بەرچاوتر بە ڕێژیم بگوترێ و دەرخەری ئەو ڕاستییە بێت کە ئەو ڕێژیمە لەلایەن خەڵکی ئێران و کوردستانەوە بێزراوە و بە تەواوەتی ڕەد کراوەتەوە. بەشداری نەکردن، خۆ کاندید نەکردن، نەک شێوەیەکی گرینگ لە خەبات بەڵکوو ئەرکێکی نیشتمانی و ئینسانییشە.