کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕی ڕێزگرتن لە شەهیدانی ئەم دواییەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە سیدنی بەڕێوە چوو

09:12 - 13 بانەمەڕ 2726

ڕۆژی شەممە، ١٢ی بانەمەڕی ١٤٠٥، بە دەسپێشخەری و ڕێکخستنی "کۆمەڵەی کوردیی ئۆسترالیا، کۆڕێک بۆ یادکردنەوە و ڕێزگرتن لە شەهیدانی ئەم دواییەی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری سیدنی بەڕێوە چوو.

ئەم شەهیدانە لە ئاکامی هێرشە تێرۆریستی و بۆردوومانە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، شەهید بوون.

لەو ڕێوڕەسمەدا کە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، ڕەوەندی کوردی لە هەر چواربەشی کوردستان و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان بەشدار بوون.

لە کۆڕەکەدا نوێنەرانی چەندین حیزب و ڕێکخراو بوشدار بوون لەوانە:

پارتی دێموکراتی کوردستان (لقی سیدنی)، یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان (لقی سیدنی)، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە (حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)، حیزبی "ئەلئەحواز" و کۆمەڵەی کوردیی ئۆسترالیا.

دوای بەخێرهاتنی میوانەکان لەلایەن کۆمەڵەی کوردییەوە، وتاری هاوپەیمانیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن "کاک سمایل ئەنجیری"، بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە سیدنی خوێندرایەوە. پاشان نوێنەرانی کۆمەڵە، یەکیەتیی نیشتمانی، حیزبی ئەلئەحواز و پارتی دێموکرات لە وتارەکانیاندا وێڕای مەحکوومکردنی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی، جەختیان لەسەر یەکگرتوویی و بەردەوامیی ڕێبازی شەهیدان کردەوە.

لە بەشێکی تری ئەم یادکردنەوەیەدا، شاعیری نیشتمانپەروەر "کاک حامید خان‌زەرزا" بە خوێندنەوەی چەند پارچە شیعرێکی حەماسی و نەتەوەیی، هەستی بەشداربووانی بزواند. هەروەها هونەرمەند "کاک سەید ڕەسووڵ غەفوورنژاد" بە پێشکەشکردنی چەند سروودێکی شۆڕشگێڕانە، ڕەنگوڕوویەکی شۆڕشگێڕانەی بە کۆڕەکە بەخشی.