کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: پێشنیارەکەی ئێران تاوتوێ دەکەم بەڵام پێناچێت قەبووڵکراو بێت

08:39 - 13 بانەمەڕ 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە لە ماوەیەکی نزیکدا پێشنیار و پلانەکەی ڕێژیمی ئێران تاوتوێ دەکات، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە پێناچێت ئەو پێشنیارە جێگەی ڕەزامەندی بێت.

ترامپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئاگاداری چوارچێوەی گشتیی ڕێککەوتنەکەیە و بڕیارە دەقە وردەکەشی بخاتە ژێر وردبینییەوە، بەڵام هاوکات ڕەخنەی توندی گرت و وتی ئێران هێشتا باجی پێویستی ئەو کردەوانەی نەداوە کە لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا دژی مرۆڤایەتی و جیهان ئەنجامی داون.

سەبارەت بە ئەگەری هەڵگیرسانەوەی گرژییە سەربازییەکان، سەرۆککۆماری ئەمریکا ئامادە نەبوو بە ڕاشکاوی وەڵامی ڕۆژنامەنووسان بداتەوە، بەڵام هۆشداری دا کە ئەگەر تاران ڕەفتارێکی نەگونجاو یان هەڵەیەکی تر بکات، ئەوە بژاردەی سەربازی وەک ئەگەرێکی کراوە دەمێنێتەوە.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی پلانێکی بۆ کۆتاییهێنانی هەمیشەیی بە شەڕ ڕادەستی پاکستان کردووە تا وەک نێوبژیوان بیگەیەنێتە واشنگتۆن.

ناوەڕۆکی ئەو پێشنیارەی ئێران کە تا ئێستا لەلایەن ترامپەوە بە نەرێنی پێشوازی لێ کراوە، باس لە کردنەوەی ڕێڕەوی کەشتیوانی لە گەرووی هۆرمۆز و هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئێران دەکات، بە مەرجێک گفتوگۆکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران بۆ کاتێکی نادیار دوا بخرێن.

 پشتبەستن بەم مەرجانە بووەتە هۆی ئەوەی ترامپ بە گومانەوە سەیری پێشنیارەکە بکات و لە ترووس سۆشیاڵەوە دووپاتی بکاتەوە کە تاران هێشتا باجی پێویستی بۆ سیاسەتە شەڕەنگێزییەکانی نەداوە.