ده‌قی د. ئاسۆ حەسەن‌زادە، نوێنه‌ری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له کۆبوونه‌وه‌ی کۆڕی گشتیی کۆنگره‌ی ئازادیی ئێران
تێبینی: بۆ ئاگاداریی ئه‌و دڵسۆزانه‌ی ڕه‌خنه‌یان گرتووه، حدکا و لایه‌نه‌كانی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فیدراڵ تا ئێستا به فه‌رمی نه‌چوونه‌ته نێو کۆنگره‌ی ئازادیی ئێران و ئه‌و بابه‌ته به‌ستراوه‌ته‌وه به ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵیان له‌سه‌ر ده‌ستکاری کردنی به‌ڵگه‌نامه‌ی دامه‌زراندنی کۆنگره.
**
خۆشحاڵم که دیسان له لایه‌ن حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانه‌وه و ئه‌مجاره له کۆبوونه‌وه‌ی ئانلاینی کۆڕی گشتیی کۆنگره‌ی ئازادیی ئێران له خزمه‌تتان‌دام. له کاتی کۆبوونه‌وه‌ی له‌نده‌نه‌وه تا ئێستا به‌داخه‌وه ئاڵوگۆڕێکی ئه‌وتۆ ڕووی نه‌داوه، پرسی شه‌ڕ و ئاشتی له ناوچه‌دا هه‌روا نادیاره و له ڕه‌وتی نێونه‌ته‌وه‌یی پێوه‌ندیدار به‌و دۆخه‌شدا غایبی گه‌وره گه‌لانی ئێرانن.
ڕێژیم سه‌ره‌ڕای بلۆفه‌كانی له لاوازترین دۆخی خۆیدایه، به‌ڵام هاوکات سه‌رکوتی نێوخۆیی چڕ کردۆته‌وه. ئه‌مڕۆ له کاتێکدا که له سایه‌ی ئاگربه‌سه‌وه ڕێژیم هه‌ناسه‌یه‌کی هاتۆته‌وه به‌ر، بۆ ئێمه‌ی کورد شه‌ڕ هه‌روا به‌رده‌وامه و ڕێژیم بۆمبارانی باره‌گا و که‌مپه مه‌ده‌نییه‌کانمان له کوردستانی عیراق درێژه ده‌دا.
ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌تای شکڵ‌گرتنی کۆنگره‌ی ئازادیی ئێران‌دا دووره‌دیمه‌نی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی هۆکارێک بوو بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵ بده‌ین خێراتر به‌ره‌و یه‌كگرتن بڕۆین، ئه‌مڕۆ ئه‌و واقعیه‌ته که ڕێژیم هێشتا له‌سه‌ر پێی خۆی ماوه ده‌بێ وه‌ک ده‌رفه‌تێک بۆ کارکردن له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی یه‌كگرتن چاو لێ بکه‌ین.
ئه‌من نامه‌وێ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی له له‌نده‌ن گوتم لێره دووباره بکه‌مه‌وه. ئه‌وه‌نده نه‌بێ که وه‌ك له‌وێ گوتم با گای که‌ڵ به شاخه‌کانی بگرین، واته ئازایانه ڕووبه‌ڕووی واقعییه‌ته‌كان ببینه‌وه. یان ئه‌وه که پێویسته هه‌موو وه‌ک خانه‌خوێ چاو لێ بکرێن ده‌نا ئه‌وه‌ی وه‌ک میوان ڕه‌فتاری له‌گه‌ڵ ده‌کرێ، ئه‌گه‌ر له خۆشه‌ویستییان به زۆریش ڕای بگرن، دره‌نگ یا زوو هه‌ر ده‌ڕوا.
ئه‌وه‌ی لێر‌ه‌دا ده‌مه‌وێ جه‌ختی له‌سه‌ر بکه‌م و‌شه‌کلیلی کۆنگره‌ی ئازادیی ئێرانه که له هه‌مان کاتدا براندی ئه‌و کۆنگره‌یه‌شه واته فره‌چه‌شنی. به‌ڵام کام فره‌چه‌شنی؟ خۆشحاڵم که له دوو ڕۆژی ڕابردوودا له چات ڕوومی کۆڕی گشتیدا ئه‌وه‌نده گرینگی به پرسی یه‌کسانیی ژێنده‌ری درا. به‌ڵام له‌وێش که‌س باسی یه‌كسانیی گه‌لانی ئێرانی نه‌کرد. به باوه‌ڕی من کۆنگره‌ی ئازادیی ئێران ده‌بێ ئاوێنه و مینیاتۆری کۆمه‌ڵگای ئێران بێ و ئه‌م کۆڕی گشتییه‌ش ده‌بێ ته‌مرینێک بێ بۆ ئه‌نجومه‌نی دامه‌زرێنه‌ری دواڕۆژ.
ئه‌و فره‌چه‌شنییه‌ی مه‌به‌ستمانه نابێ ته‌نیا به‌رهه‌می فره‌چه‌شنیی باوه‌ڕه سیاسییه‌كان بێ، به‌ڵکوو ده‌بێ پێش هه‌موو شتێک به‌رهه‌می واقعییه‌ته بابه‌تییه ناسنامه‌ییه‌کان بێ. هه‌ر ئینسانێک جنسیه‌تێکی هه‌یه و هه‌ر ئینسانێکیش له به‌ستێنی مێژوویی و به‌کۆمه‌ڵدا سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌ک یان کۆمه‌ڵگایه‌کی نه‌ته‌وه‌یی‌یه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌موو ئینسانه‌کانیش به قه‌را یه‌ک هه‌ڵسوکه‌وتی سیاسی‌یان له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه ناسنامه‌ییانه دیاری نه‌که‌ن.
ده‌زانم هێندێكتان له‌گه‌ڵ ئه‌و تێرمانه‌ی به‌کاریان ده‌به‌م و له‌گه‌ڵ ڕوانگه‌ی ئێمه کۆک نین. هه‌ربۆیه‌شه پێویسته زۆرتر کار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه بکه‌ین.
به‌هه‌رحاڵ ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر که‌ڵکه‌ڵه‌ی سه‌ره‌کیی ئێمه که دادپه‌روه‌ریی سیاسیی نێوان نه‌ته‌وه‌كان له داهاتووی ئێراندایه، هه‌واڵێکی خۆش و هه‌واڵێکی ناخۆشم بۆ ئێوه پێیه. هه‌واڵه ناخۆشه‌که ئه‌وه‌یه که نه‌ته‌وه‌ی کورد و گه‌لانی ژێرده‌سته‌ی دیکه له ئێران‌دا به‌دوای سه‌روه‌ریی سیاسی و دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ن. هه‌واڵه خۆشه‌که‌ش ئه‌وه‌یه که ئه‌وان حازرن له چوارچێوه‌گه‌لی بنیاتنه‌ردا به‌شدار بن، به‌ڵام ئه‌وه به مه‌رجێک که ده‌نگیان ببیسترێ.
ئێوه هاوبه‌شێکی خاوه‌ن پێگه‌تر، جێگا‌ی متمانه‌تر و جیددی‌تر له حیزبه‌کانی کوردستانتان وه‌گیر ناکه‌وێ. هیچ ئه‌لتێرناتیڤێکیش که ئیدیعای فره‌چه‌شنی و پلۆرالیزم بکا به‌بێ حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران و هاوپەیمانیی هێزه سیاسیه‌كانی کوردستانی ئێران نه مانای هه‌یه، نه سه‌ر ده‌گرێ.
ئێمه ئاگاداری خاڵه به‌هێزه‌کان و زه‌رفیه‌تی کۆنگره‌ی ئازادیی ئێران هه‌ین و ده‌مانه‌وێ زۆترین شانس و ده‌رفه‌ت به سه‌رکه‌وتن و مانه‌وه‌ی ئه‌م چوارچێوه تایبه‌تییه بده‌ین. به‌ڵام ئێمه ڕه‌خنه‌ی جیددیمان له‌سه‌ر ده‌قی دامه‌زراندنی کۆنگره هه‌یه ئه‌گه‌رچی کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مشه‌و جێگا‌ی باس کردنی ورده‌کارییه‌کانی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه نیه.
به‌هه‌رحاڵ بزانن ئه‌گه‌ر ڕوانگه‌ی ئێمه له‌به‌رچاو بگرن، ده‌توانن حیساب له‌سه‌ر به‌شداریی ئێمه‌ش بکه‌ن. ئه‌گه‌ر نا، ده‌بێ بزانن هیچ زیندانییه‌ک بۆ سه‌رله‌نوێ دروستکردنه‌وه‌ی زیندانه‌که‌ی هه‌وڵ نادا و تێچوو نادا. ئه‌وه‌ی زیندانی بیری لێ ده‌کاته‌وه ئازادییه و ته‌نیا ئازادی.
سوپاستان ده‌كه‌م.