ئەندامێکی کۆمیسیۆنی تەندروستی لە مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، دانی بە قەیرانێکی قووڵی دەرماندا نا و ڕایگەیاند کە بەهۆی لێکەوتەکانی شەڕ و تێچووی بەرزی بەرهەمهێنانەوە، خەڵک دەبێت لە نێوان دەرمانی گران یان نەبوونی دەرماندا، یەکێکیان هەڵبژێرن.
محەمەد جەماڵیان، ئەندامی کۆمیسیۆنی تەندروستیی مەجلیس، ڕۆژی شەممە ١٢ی بانەمەڕ، ئاماژەی بەوە کرد کە دوای شەڕی ئەم دواییە و گرانبوونی کەرەستە سەرەتاییەکان، نرخەکان دووبارە بەرز بوونەتەوە. ناوبراو بە ئاشکرا وتی: "دەبێت لە نێوان گرانیی دەرمان یان نەبوونی دەرماندا یەکێکیان هەڵبژێرین، بێگومان هەبوونی دەرمان بە نرخێکی بەرزتر لەم بارودۆخەی ئێستای وڵاتدا گرینگترە."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە نێوخۆی ئێران باس لە گرانبوونێکی بێوێنەی دەرمان لە دوو مانگی ڕابردوودا دەکەن و زۆرێک لە دەرمانە سەرەکییەکان لە دەرمانخانەکاندا دەست ناکەون.
ئەم بەرپرسەی ڕێژیم هۆکاری ئەم دۆخە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی پلاستیک و کەرەستە خاوەکان دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت بۆ ئەوەی کارخانەکان لە کار نەکەون، ڕێگەیەک جگە لە گرانکردنی دەرمان نەماوەتەوە.
ناوبراو لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەزیری تەندروستیی ڕێژیم، باسی لەوە کردووە کە دەبێت بودجەی پێویست بۆ شیرکەتەکانی بیمە دابین بکرێت تا بتوانن بەشێک لەم بارگرانییە هەڵبگرن، بەڵام چاودێران پێیان وایە بەهۆی کورتهێنانی بودجە و تێچووە سەربازییەکانی ڕێژیم، ئەم بەڵێنانە تەنیا بۆ خافڵاندنی خەڵکە و لە کۆتاییدا هەر هاووڵاتییانی کەمداهاتن کە باجی سیاسەتە شەڕەنگێزییەکانی کۆماری ئیسلامی دەدەن و دەبێت دەرمان بە نرخێکی خەیاڵی بکڕن یان لەبەر نەبوونی دەرمان گیان لەدەست بدەن.