کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمینارێک بۆ یادی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە زانکۆی مەنچێستر مێترۆپۆلێیتەنی بریتانیا

21:50 - 14 رێبەندان 2723

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٢ی ڕێبەندان (٢ی فێڤریەی ٢٠٢٤)، ژمارەیەک لە خوێندکاران و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە زانکۆی مەنچێستر مێترۆپۆلێیتەن لە شاری مەنچێستێری وڵاتی بریتانیا، بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ٢ی ڕێبەندان، سێمینارێکیان بەڕێوە برد.

ئەم سێمینارە بە بۆنەی یادی ٧٨ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان و لەلایەن کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردی زانکۆی مەنچێستر مێترۆپۆلێیتەنەوە ڕێک خرابوو.

لاوەند عومەر سەرۆکی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردی زانکۆی مەنچێستر بە ئاماژە بە گرینگیی ڕێکخستنی ئەم جۆرە کۆڕانە ڕایگەیاند کە پرسی کورد یەکێک لە پرسە گرینگەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە کە پێویستە لێکۆڵینەوەی زانستیی لەسەر بکرێ.

مادح ئەحمەدی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پانێلی یەکەمدا، وتاریکی لەژێر ناوی "کۆماری کوردستان و کاریگەرییەکانی لەسەر مانەوەی پێکهاتەی حیزبی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان" پێشکەش کرد.

ئەحمەدی لە وتارەکەیدا، بە ئاماژە بە دەستکەوتەکانی کۆماری کوردستان و هەروەها بەراوردکردنی لەگەڵ کۆماری ئازەربایجان، کۆماری کوردستانی بە وەرچەرخانێکی گرینگ لە مێژووی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورددا ناوبرد کە کاریگەرییەکانی لەسەر دروستبوونی ژمارەیەکی زۆر لە حیزبە کوردییەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان دەبینرێت.

ناوبراو بە سەرنجدان بەوەی کە لە پێکهاتەی دەسەڵات لە ئێراندا لە هەر دوو ڕێژیمی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیدا، ڕێگا نەدراوە کە حیزبی سیاسی دەور بگێڕێ و پێکهاتەی دەسەڵات پێک بێنێت، باسی لەوە کرد لە دەوری حیزبە سیاسییەکان لە کوردستان کرد کە چۆن لە  رێکخستنی کۆمەڵگادا ڕۆڵیان هەبووە.

دایلاک چەلەبی، خوێندکاری قۆناغی دوکتۆرا لە زانکۆی مەنچێستر لە پانێلی دووەمدا، وتارێکی لەژێر ناونیشانی "گەشەی شوناسی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دامەزرانی کۆماری کوردستانەوە" پێشکەش کرد.

چەلەبی بە ئاماژە بە ڕۆڵی کۆماری کوردستان لە دروستبوون و گەشەکردنی شوناسی نەتەوەییدا وتی کە خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی، سروودی ئەی ڕەقیب و ئاڵای کوردستان ڕۆڵی گرینگیان لە دروستبوون و دواتر گەشەکردنی شوناسی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵات و هەموو بەشەکانی کوردستان هەبووە و ئەمەش جیاوازیی نێوان کورد وەک نەتەوەیەکی خاوەن شوناس لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی زیاتر دەرخستووە.  

چەلەبی بە ئاماژە بە گوشار و پەلامارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی کوردستان و حیزبە سیاسییەکان لە سەردەمی شۆڕشی ژینا، ڕایگەیاند کە شوناسی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵات ئاستێکی بەرزی لە وشیاری نەتەوەیی دروست کردووە کە خەڵک زۆر خۆڕاگرانە بەرانبەر بە گوشارەکانی ڕێژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵات وەستانەوە.

دوکتۆر ئالان حەسەنیانی مامۆستای زانکۆ لە زانکۆی ئێکزەتەری وڵاتی بریتانیا لە پانێلی سێیەمدا، وتارێکی لەژێر ناونیشانی "کۆمەڵگەی مەدەنی و خۆڕاگریی مەدەنی لە ڕۆژهەڵات کوردستان لە رێگای ئۆنلایەنەوە" پیشکەش کرد.

حەسەنیان بە ئاماژە بە چالاکی ژینگەپارێزانی وەک ئەنجومەنی سەوزی چیا لە رۆژهەڵات، چالاکییەکانی بواری خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی، بەشداریی جەماوریی خەڵک لە بۆنە جۆربەجۆرەکاندا ڕایگەیاند کە کۆمەڵگەی مەدەنی و خەباتی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستێکی بەرزدایە و ئەمە شۆڕ بووەتەوە بۆ ناخی کۆمەڵگە، هەر بۆیە  گوشارەکانی دەسەڵات بۆ سەر چالاکوانانی بوارە جیاجیاکان و گرتن و دەسبەسەرکردنی مامۆستایانی زمانی کوردی نەیتوانیوە ئەم بوارە گرنگ و پێشکەوتوویە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەکار بخات. حەسەنیانی لە وتەکانیدا ڕۆڵی ئەم بوارە گرینگەی لە پێشخستنی ویستی نەتەوەییدا بەرز نرخاند و وەک کۆڵکەیەکی گرینگی خۆڕاگری و خەبات لە بەرانبەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا ناوی لێ برد.

کاوە مودەڕسی، بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی بریتانیا لە پانێکی کۆتایی کۆڕەکەدا، وتارێکی بە ناونیشانی "بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ٧٨ ساڵ دوای دامەزانی کۆماری کوردستان" پێشکەش کرد.

ناوبراو لە وتارەکەیدا بە ئاماژە بە خەباتی خەڵکی کوردستان لە شۆڕشی ژینا، ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی هەر چەشنە ناڕەزایەتییەک وەک ئاژاوەنانەوە لە قەڵەم دەدات و هەوڵ دەدات سەرکوتی بکات، بەڵام ئەو ڕەوتەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێ کردووە، هیچ سەرکوتێک ناتوانێ پێشی پێبگرێ و لە ئەنجامدا گۆڕانکاریی گەورە دروست دەکات و سەر دەکەوێت.

 

لەبەشی کۆتایی کۆڕەکەدا ڤیدیۆیەک لە وتەکانی "عومەر حەمیدی" بڵاوکرایەوە کە بۆ کۆڕەکەی ناردبوو و تێدا تیشکی خسبووە سەر گرفت و ئازارەکانی کوردبوون لەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە. حەمیدی لە وتەکانیدا باسی لە هەوڵی داگیرکەرانی کوردستان بۆ سڕینەوەی کورد کرد و تیشکی خستە سەر ڕووداوەکانی ئەنفال، کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و لەسێدارەدانی لاوانی کورد.