کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسێدارەدانی ١٠ بەندکراوی کورد و کوشتنی ٤ کۆڵبەر لە ڕێبەندانی ئەمساڵدا

12:31 - 2 رەشەمه 2723

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا باسی لە لەسێدارەدانی ١٠ بەندکراوی سیاسی و گیانلەدەسدانی ٥ کۆڵبەر و دەسبەسەرکرانی زیاتر لە ٥٠ چالاکی کورد کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی مانگانەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، ١٠ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ڕێژیم بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە ڕێبەندانی ئەمساڵدا لە سێدارە دران.

لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە کراوە کە فەرهاد سەلیمی بەندکراوی ئایینیی خەڵکی شاری سەقز، لە دادگایەکی نادادپەروەرانەدا و پاش ١٤ ساڵ بەندکران و ئەشکەنجە، ڕێبەندانی ئەمساڵ لە سێدارە درا.

هەروەها باس لە چوار بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی "وەفا ئازەربار، پژمان فاتحی، محەممەد فەرامەرزی و موحسێن مەزڵووم" کراوە کە پاش ساڵێک و ٦ مانگ بەندکران، تا ڕۆژێک بەر لە سێدارەدانیان لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەیان بێبەری بوون.

لە بەشی یەکەمی ڕاپۆرتەکەدا باس لە گیانلەدەستدانی ٥ کۆڵبەر و برینداربوونی ٣٨ی دیکە لە مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵدا کراوە.

سێ کۆڵبەر بە ناوەکانی "مەنسوور محەممەدنژاد، جەبار وەیسی و سەیوان سەحیحی لە پاوە و سەقز و بانە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کوژران و کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی هوشیار مەحموودی بە تەقەی هێزە سنوورییەکانی عێراق کوژراوە.

هەروەها کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی فەرید ڕووبینا بە هۆی سەرماوە لە ناوچە سنوورییەکانی شاری مەریوان گیانی لەدەست داوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە لانیکەم ١٢ هاووڵاتیی کورد لەلایەن دادگاکانی ڕێژیم لە تاران، کوردستان، ورمێ و ئیلامەوە و بە تۆمەتگەلی سیاسی، سزای سێدارە و بەندکران و قامچییان بۆ دەرکراوە.

یووسف ئەحمەدی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم و مامۆستا محەممەد خزرنژاد بە تۆمەتی زیان گەیاندن بە یەکپارچەیی ئێران و بانگەشە بە دژی حکوومەت، سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتی مانگی ڕێبەندانی خۆیدا هێناویەتی کە "لانیکەم ٥٤ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی کوردستان لەم مانگەدا بە تۆمەتگەلی سیاسی و ئایینی دەسبەسەر کراون و لە چارەنووسی چەند کەسیان هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە".

هەروەها لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە گیانلەدەستدانی ٤ کرێکار و کەسێکی دیکە بەهۆی تەقینەوەی مینی چێندراو لە گیلانغەربی کرماشان کراوە.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە "محەممەدکومەیل زەندخانی" لاوی تەمەن ١٨ ساڵی خەڵکی ئیلام کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردوو دەسبەسەرکرابوو، پاش ئاگاداربوونەوە لە سزای ١٣ ساڵ بەندکران و هەڕەشە لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە، ڕێبەندانی ئەمساڵ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ئەم ڕاپۆرتە دەریدەخات کە دۆخی خراپی مافی مرۆڤ لە کوردستان پەرەی سەندووە و کوشتن و دەسبەسەرکردن و ئەشکەنجەی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە نە تەنیا کەم نەبووەتەوە بەڵکوو پاش بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، چڕتر بووەتەوە.