کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆڕاگری: دەسبەسەرکرانی ٦٣ هاووڵاتی لەلایەن ڕێژیمەوە لە مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵدا

15:20 - 2 رەشەمه 2723

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خۆڕاگری بە بڵاوکردنەوەی ئامارێک باسی لە دەسبەسەرکرانی ٦٣ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە کردووە.

ئەم کەسانە بە تۆمەتی چالاکیی مەدەنی، دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگەکانی ئیتلاعات کراون، کە بەشێکیان دوای تەواوبوونی لێکۆلینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان وچارەنووسیان ناڕوونە.

بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەن لە مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵدا، ١٣ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراون و لێکۆلینەوەیان لێ کراوە، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە کەیسەکانیان یەکلایی کراوەتەوە و سزای سێدارە و بەندکران و پێبژاردن و دوورخستەنەوەیان بەسەردا سەپێندراوە.

بە وتەی خۆڕاگری، بە شێوەیەکی گشتی ئەو سەزا دراوانە سەرجەم بە ٢٣ ساڵ و ١١مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری و ٧٠ میلیون تمەن پێبژاردن سزا دراون. ٢ کەس لەو سزادراوە سیاسییانە بە ناوەکانی یووسف ئەحمەدی، خەڵكی بۆکان و مامۆستا محەممەد خزرنژاد خەڵکی بۆکان سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.

جێگای ئاماژەیە کە ٤ بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی وەفا ئازەربار، پژمان فاتحی، موحسن مەزڵووم و محەممەد فەرامەرزی کە پێشتر سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو سزاکەیان لە ڕۆژی ٩ی ڕێبەنداندا جێبەجێ کرا.