کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤٨ ساڵ بەندکران بۆ چالاکانی بواری زمان لە کوردستان

15:23 - 2 رەشەمه 2723

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەبۆنەی ٢ی ڕەشەمە، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە سەرکوتی چالاکانی بواری زمان و ئەدەب لە کوردستان بڵاو کردەوە.

کوردپا لەم ئامارەدا باسی لە سەرکوتی چالاکانی بواری زمان و ئەدەب لە سەرەتای شۆڕشی ژیناوە کردووە و ڕایگەیاندووە کە دەسبەسەرکردن  و گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ئەم چالاکانە، بەشێک لە ڕەوتی سەرکوتی ڕێژیم دژی چالاکانی ئەم بوارەیە.

بەپێی ئەم ئامارە، ٨ کەس لە چالاکانی بواری زمان و ئەدەبی کوردی بە ٤٨ ساڵ بەندکران و لێدانی ٨٠ قامچی سزا دراون کە دوو کەسیان هاوکات، سزای دوورخرانەوەشیان بەسەردا سەپاوە.

لەم ٨ کەسە، ئێستا سێ کەسیان بە ناوەکانی موژگان کاوسی، سەیوان ئیبراهیمی و ئەشکان فەهیم لە بەندیخانەدان.

لە دەسپێكی شۆڕشی ژیناوە، ٦ کەس لە وانەبێژان و ژمارەیەک لە چالاکانی زمانی کوردی دەسبەسەر کراون کە ٥ کەسیان هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەیان بە شێوەی کاتی ئازاد کراون، بەڵام هێشتا کەسێکیان بە ناوی ڕەشاد پەرویزی دەسبەسەرە. 

بەپێی ئەم ئامارە، موژگان کاوسی، سەیوان ئیبراهیمی، سروە پوورمحەممەدی، ئیدریس مینبەری، واران محەممەدنژاد، سیرووس عەباسی، ئازاد عەباسی و ئەشکان فەهیم ئەو وانەبێژانەی زمانی کوردین کە سزای بەندکرانیان بەسەدا سەپاوە.

ئەحمەد غوڵامی، ڕەشاد پەرویزی، سۆما پوورمحەممەدی، ئومید موشیرپەناهی، سروە ڕەحمانی و دوکتور بێهرووز چەمەن ئارا، لەو کەسانەن کە لەلایەن ڕێژیمەوە و لە چوارچێوەی چالاکی لە بواری زمان و ئەدەبی کوردیدا دەسبەسەر کراون.

هەر لەم پێوەندییەدا و بەپێی ئاماری کوردپا، کۆمەڵێک شاعر و چالاکی ئەدەبیی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون کە بریتین لە: پەرویز بابایی، بێهرووز یاسمی، ئێحسان موتەعالی، ئەشکان عومەرجوویی، کەیۆمەرس ئەمیری و مێهران ڕەحیمی.

گوشارەکانی ڕیژیم بۆ سەر چالاکانی بواری زمان و ئەدەبی کوردی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا و بەتایبەت لە دوای دەسپێکی شۆڕشی ژینا، بە شێوەیەکی بەرفراوان زیادی کردووە.