کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێسپانیا/ دەقی قسەکانی کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست

01:04 - 6 رەشەمه 2723

بەڕێز  جەنابی  سەرۆک! 

ئەندامانی  بەڕێزی دەستەی سەرۆکایەتی! 

بەشدارانی هێژای کۆبوونەوەی ئینتێرناسیوناڵی سۆسیالیست! 

 

خۆشحاڵم لەو کۆبوونەوە گرینگەدا وەک نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لێرە لەگەڵ ئێوەم. لە هەمان کاتدا، پێمخۆشە کەڵک لەو دەرفەتە وەرگرم و بە کورتی دوایین  ڕووادوەکانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بەگشتی و ئێران و پرسی کورد بەتایبەتی لەگەڵ ئێوە باس بکەم.

کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆژی و سیاسەتی دەرەوەی و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە پاڵنەری سەرەکیی میلیشیا و هێزی بەکرێگیراوی جۆراجۆرە، دەورێکی حاشاهەڵنەگری لە ناسەقامگیریی هەنووکەیی هەرێمی لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست هەبووە.

لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو سامانەکانی بۆ دەستێوەردان و ناسەقامگیرکردنی وڵاتانی درواسێ بەکار هێناوە، تەنیا بەو مەبەستە کە ئەجێندای خۆی جێبەجێ بکات کە بڵاوکردنەوەی ئایدیۆلۆژییە بناژۆخوازییەکەی و خولیا مەزنیخوازانەکەی لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاستە.

بێگومان، بێتوو ئێران ڕێژیمێکی دێموکراتیکی هەبا، نە تەنیا وڵاتەکە لە هەموو جۆرە قەیرانی نێوخۆییدا نوقم نەدەبوو، بەڵکوو هەروەها نەدەبوو بە سەرچاوەی ناسەقامگیریی ناوچەیی و هەڕەشەیەک بۆ ئاشتیی جیهانی.

هەڤاڵانی هێژا!

ئەگەرچی ناڕەزایەتی دژی ڕێژیمی ئیسلامی بە شێوەی بەردەوام ڕوویان داوە، بەڵام جووڵانەی ناڕەزایەتی لە دەیەی ڕابردوودا و بە تایبەت ئەوەی ساڵی ڕابردوو ڕووی دا کە زۆرتر بە نێوی جووڵانەوەی ژینا ناسراوە، بە دروشمە ناسراوەکەی لە سەرانسەری دنیا واتە ژن، ژیان، ئازادی، بووە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و گورزێکی مەزنی لە ڕەوایی ڕێژیمی ئیسلامی وەشاند. 

داوا سەرەکییەکانی ئەو جووڵانەوەیە دەستەبەرکردنی ئازادیی سیاسی و مافە مەدەنییەکان، دانپێدانان و دەستەبەرکردنی مافەکانی گرووپە ئەنتیکییە سەرکوتکراوەکان و تێپەڕین لە سەرەڕۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتدارییەکی سیاسیی فرەلایەنە. جێگای ئاماژەیە کە وڵامی ڕێژیم وەک هەمیشە سەرکوتی دڕندانە بوو، بەتایبەتی لە کوردستان وەک ناوچەی سەرەکیی جووڵانەوەی ژینا. سەدان کەس، لە ناویاندا لاوانی کەم تەمەن و ژنان کوژران، هەزاران کەس بریندار بوون لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، ڕێژیم نزیکەی ٩٠٠ کەسی لە سێدارە داوە، بەشێکیان ئەو کەسانە بوون کە لە ماوەی جووڵانەوەی ژینادا دەسبەسەر کرابوون.

هەڤاڵانی بەڕێز!

دڵنیام ئێوە هەموو ئاگاداری جووڵانەوەی سیاسیی کوردان لە ئێران بەگشتی و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەتایبەتی هەن. ئێوە هەروەها ئاگاداری ئەو قوربانیدانە مەزنانەی حیزبی ئێمە لە ماوەی خەبات بۆ دێموکراسی و مافەکانی گەلی کورد لە ئێران هەن. ئێمە نە تەنیا دوو سکرتێری یەک لە دوای یەکمان لەدەست دان کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە تێرۆر کران، بەڵکوو هەروەها کەوتینە ژێر هەڵمەتی تێرۆرکردن لە وڵاتانی دراوسێ و تەنانەت لە ناوجەرگەی ئورووپا. کوردستان لەلایەن ڕێژیمەوە مێلیتاریزە کراوە، لایەنگران و ئەندامانمان دڕندانە سەرکوت، زیندانی و ئیعدام کراون. بنکەی سەرەکیمان لە هەرێمی کوردستان (باکووری عێراق) بە هاژەکی زەوی-بۆ-زەوی و درۆنی خۆتەقێنەوە کەتوونە بەر هێرش و لە ئاکامدا قوربانیمان داوە، کە لە ناویاندا ژن و منداڵ هەبوون.

نوێنەرانی بەڕێزی حیزبەکانی ئەندامی ئینترناسیۆنال سوسیالیست!

پێمخۆشە کەڵک لە دەرفەت وەرگرم و داواتان لێ بکەم کە لە بەرانبەر ئەوەی لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاستدا دەگوزەرێ بێ تەفاوەت نەبن و دەورێکی کاریگەرتر لە پشتگیری لە خەباتی ڕەوای کوردان و گەلانی دیکە بۆ دروستکردنی ئێرانێکی سەقامگیر و دێموکراتیک بگێڕن.

لەبەر ئەو هۆیە، بە نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، داوا لە حیزبە دەستەخوشکەکانمان لە ناو ئینتێرناسیوناڵی سۆسیالیست دەکەم، بەتایبەتی ئەو حیزبانەی لە دەسەڵاتدان، کە ئاڵوگۆڕەکانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بە جیددی وەرگرن و پشتیوانی لە جووڵانەوە دێموکراتیکەکان لە ناوچە بەگشتی و بەتایبەتی لە ئێران بکەن.

سوپاس بۆ کاتەکەتان!

نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئینتێرناسیوناڵی سۆسیالیست

٢٤ی فێوریەی ٢٠٢٤