کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سامان یاسین لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسی دەزگای دادوەری ڕێژیم: "گیانم لێ بستێنن، تەواو''

13:14 - 8 رەشەمه 2723

سامان یاسین، ڕەپێر و گۆرانیبێژی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری کرماشان، کە ماوەی ساڵێکە لە بەندیخانەی ڕێژیمی ئێراندایە لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسی دەزگای دادوەریی ڕێژیمی ئێران داوای یەکلاکردنەوەی حوکمەکەی کردووە و بە ئاماژدان بە کێشە جەستەیی و دەروونییەکانی کە لە زینداندا تووشی بووە ڕایگەیاندووە کە لەسێدارەدرانی، لەو دۆخە پێ باشترە.

ئەم نامەیە ڕۆژی دووشەممە ٧ی ڕەشەمە، لە لاپەڕەی فەرمیی سامان یاسین لە ئینستاگرام بڵاو کراوەتەوە، کە لە زیندانی قزلحساری شاری کەرەجەوە نێردراوە.

ئەو گۆرانیبێژە لە نامەکەیدا نووسیویەتی: ماوەی ١٨ مانگە بەبێ هیچ بەڵگەیەک زیندانی کراوم و لەو ١٨ مانگەشدا چەندین جار وادەی دادگا بۆ من دیاری کراوە، بەڵام تا ئێستا بەڕێوە نەچووە.

سامان سەیدی ناسراو بە سامان یاسین، خەڵکی شاری کرماشان و دانیشتووی تاران، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠١ بەهۆی پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە جەمارییەکان دەسبەسەر کرا و دواتر بە تۆمەتی "موحاربە" لەلایەن دادگای گشتی و ئینقلابی تارانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپا و پاشان ئەو سزایە لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە هەڵوەشێندرایەوە.

ناوبراو لە نامەکەیدا ئاشکرای دەکات کە لە زینداندا ڕووبەڕووی کێشەی دەروونی و جەستەیی بووەتەوە، بەڵام بەرپرسانی زیندان تەنانەت ڕێگە نادەن کە ڕەوانەی ناوەندە پزیشکییەکان بکرێت.

سامان یاسین وتوویەتی: داواتان لێ دەکەم لە سێدارەم بدەن، من بەرگەی زیندان و نادیاربوونی چارەنووسم ناگرم لەسەر تاوانێک کە نە من و نە ئێوە لەبارەیەوە نازانن. تکایە حوکمی لەسێدارەدانم دەر بکەن! من هیچ ناڕەزایەتییەکم نییە و بە پەنجەمۆر و واژۆ و بە نووسراوە ڕەزامەندیی خۆم دەردەبڕم."

لە کۆتاییدا سامان یاسین نووسیویەتی: ژیانم لێک هەڵوەشاوەتەوە، تەندروستیی دەرونی و جەستەییم لێ ئەستێندراوەتەوە، بەشێوەی ساختە لە سێدارەتان دام و ڕەوانەی تیمارستان کرام، چی ماوە بەسەرم بێنن؟ گیانم لە بستێنن، تەواو''.