کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک لە وڵاتی ئوتریش دژی سزای لەسێدارەدان

18:17 - 15 رێبەندان 2723

ڕۆژی شەممە، ١٤ی ڕێبەندان (٣ی فێوریەی ٢٠٢٤)، لەسەر بانگهێشتی فۆرمی ئێرانییەکان، کە لە چەند حیزب و ڕێکخراوی سیاسی و مافی مرۆڤ پێکهاتووە و بنەمای کاریان ئازادی و دیمۆکراسی و داننان بە مافی نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێرانە، کۆبوونەوەیەک لەبەر دەرکی پارلمانی ئوتریش و بە مەبەستی مەحکوومکردنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران دەستی پێ کرد.

پاش خوێندنەوەی پەیامی فۆرم بە زمانی ئاڵمانی و وتنەوەی دروشم بە زمانەکانی کوردی و فارسی و ئاڵمانی و ئینگلیزی، بەشداربووان بە وتنەوەی دروشم دژی کۆماری ئیسلامی، ڕێپێوانێکیان بەرەو وەزارەتی دەرەوەی ئوتریش دەست پێ کرد.

لە کۆبوونەوەیەکی دیکەدا لەبەر دەرکی وەزارەتی دەرەوە، پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن خاتوو مونیرە نیگەهدار بەرپرسی  کۆمیتەی حیزب لەو وڵاتە بە زمانی فارسی خوێندرایەوە.

پەیامی حیزبی دیمۆکراتی ڕوو بە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و بەتایبەتی کۆمەڵگای ئوتریش، حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، ئەندامانی پارلمان و حکومەتی ئەو وڵاتە بوو و تێیدا داوا کرابوو، کە هەموو هەوڵیان بخەنە گەڕ و لە هەر ڕێگایەکەوە،  کە گونجاوە فشار بۆ سەر ئەم ڕێژیمە کۆنەپەرست و دژە مرۆڤەی ئێران بێنن،  بۆ ئەوەی کە هەروا بێ هیچ وڵامێک گیانی ڕۆڵەکانی گەلانی ئازادیخوازی ئێران بە تایبەتی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد نەخاتە نەستێنێ.

لە پەیامی حیزبی دێموکراتدا هاتبوو: کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێ باش بزانێ کە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد و گەلانی دیکەی ئێران بە کوشتن و بڕین و ئازار و ئەشکەنجە، هیچکات ئامادە نابن دەست لە مافە ڕەواکانی خۆیان هەڵگرن، بەڵکوو ئەو ترس و خەفەقان و دڕندەییەی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران ئەوان لەسەر داوا ڕەواکانیان سوورتر و پێداگرتر دەکات.

 لە بەشی کۆتاییدا پەیامی خۆپیشاندەران بە زمانی ئاڵمانی خوێندرایەوە.

لەسەر بانگهێشتی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران هەر یەک لە پارتی دێموکراتی کوردستان، کۆنفێدراسیۆنی ڕەڤەندی کوردستان و تەڤگەڕا ئاڤاکرنا دیمۆکراتی لە کوردستانی سووریە بەشداریی ئەم خۆپێشاندانەیان کرد.